ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم دوا بڕیاری لەبارەی کیو نێت و فۆرئێڤەرەوە دا

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم مامەڵەكردنی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای كیونێت و فۆڕئێڤەر حەرام كرد و داواش لەخەڵكی كوردستان دەكات خۆیانی لێبپارێزن.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم کە ئەمڕۆ 5ی ئایاری 2019 دەرچووە تیایدا هاتووە "ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەهەرێمی كوردستان دوای وردبوونەوە و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر ورد لەم جۆرە مامەڵانە و دەقە شەرعییەكان و راوێژكردن لەگەڵ كۆمەڵێك لەپسۆڕانی فیقهی ئابوری ئیسلامی لەناوەوە و دەرەوەی كوردستان، لە 30ی نیساندا بڕیارێكی لەو بارەیەوە داوە".

بەپێی دەقی بڕیارەكەش، مامەڵەكردنی بازرگانی شەبەكی و هەڕەمی بەگشتی و بەتایبەت مامەڵەكردن لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای كیونێت و فۆڕئێڤەر و هاوشێوەكانی لەڕووی شەرعییەوە حەرامە و داوا لەهاووڵاتیانی كوردستان دەكات خۆیانی لێبپارێزن.

ئەوەشی تێدا هاتووە "فەتواكەی ئەنجومەنی باڵا لەوبارەیەوە دوا فەتوا و بڕیاری ئەنجومەنەكەیان دەبێت و لێكۆڵینەوەیان لەو بابەتە كۆتایی پێهێناوە و كار بەفەتواكانی پێشتر ناكرێت".



PM:06:35:05/05/2019