عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی جێگرانی سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی کردووە داوا دەکات پۆستەكان وەكو ئیمتیاز و دەسكەوت نەبەخشرێنەوە.
لە پەیامێکدا عیماد ئەحمەد کە ئاراستەی بەرپرسانی حیزبەکەی کردووە دەڵێت" پۆستەكان وەكو ئیمتیاز و دەسكەوت نەبەخشرێنەوە، بەڵكو وەكو ئەرك و بەرپرسیاری بدرێن بەوانەی ناوەكانیان یەكلادەكرێتەوە، هاوكات پرۆسەی یەكلایكردنەوەكەش بە جۆرێك بێت كە سەرەتاكانی كاری حزبی و چەند بنەمایەكی تێدا رەچاو بكرێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی کەناوی دێت وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت " ئێستا كاتی دابەشكردنی ئەو پۆستانەیە كە بەر یەكێتی كەوتوون، لێرەوە بە ئێوەی بەڕێز و ھەموو لایەكی رادەگەیەنم كەمن كێبڕكێی ھیچ ھەڤاڵێك ناكەم كە خۆی كاندید دەكات و وەكو پێشتر ھەمیشە دەست و دەنگی برایەتی دەبم بەڵام خوازیارم شیاوترین كەس بخرێتە شوێنی شیاو".
عیماد ئەحمەد دەشڵێ"داواكارم كەسانێك دەستنیشان بكەین بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی بەر یەكێتی دەكەون كە دوای ھەڵسەنگاندنی ئەدائیان، گەر خوانەخواستە وەكو پێویست نەبوون، توانای ئەوە ھەبێت لێپێچینەوەیان لێ بكرێت، یان لابدرێن".
ئەو باس لەوە دەکات "وەك دەزانن چەند ساڵێكە من هیچ پۆستێكی رەسمیم لانەبوە، بەڵام لەو ماوەیەدا هەر كارو ئەركێكم پێسپێردرابێت لەبەرژەوەندی كوردو یەكێتی رێغیم لێ نەكردوە".
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەو لەدوای نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی مام جەلال بەشێك نەبوە لەكێشەو ململانێ ناوخۆییەكانی حزبەكەی، وەك خۆی دەڵێت هەمیشە بەشێك بوە لەلایەنی خێرو چارەسەر كردنی كێشەكانو خۆشی بەكەمتەرخەم نەزانیوەلەو بوارەدا، نوسیویەتی "دواین ئەركیش كە بەرەسمی روبەرومان كرایەوە سەرۆكایەتی لیژنەی دانوسانو گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بو، كە بە هاوكاری ئەندامانی ئەو لیژنەیە توانیمان سەربەرزانە بەركەوتی یەكێتی دەستەبەر بكەینو داككی لەمافو پێگەی یەكێتیەكەمان بكەین".