دیندار زێباری: به‌شێكی زۆری ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر ڕۆژنامه‌نوسان دەکرێت به‌هۆی نه‌شاره‌زایی خۆیانه‌وه‌یه‌

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌كوردستان 8000 ڕۆژنامه‌نوس هه‌یه‌، به‌شێكی زۆری پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ریان به‌هۆی نه‌شاره‌زایی خودی خۆیانه‌وه‌یه‌.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان،بە ده‌نگی ئه‌مریكای راگەیاند،"ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەتمان هەیە بۆ ڕۆژنامەنوسان کە یاسای کاری ڕۆژنامەوانیە بە پێی ئەم یاسایە هەمو مافە گشتیەکانی ڕۆژنامەنوسان دیاریکراوە، سەبارەت بەکەیسی ڕۆژنامەنوسانیش لەهەرێمی کوردستان دادگایەکی تایبەتمان نیە، بەڵکو دادگای تاوانەکان کە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەرییە مامەڵە لەگەڵ کەیسی ڕۆژنامەنوسان دەکات، لەعیراقیش ئەو دادگایە هەبوو بەڵام پێش دو ساڵ ئەو دادگایە "ئیلغا" کرایەوە، چونکە کێشەی زۆر لێ دروست بو، بەڵام لەهەرێمی کوردستان یاسایەکی زۆر پێشکەوتومان هەیە بەپێی جۆری سەرپێچیەکان "غەرامەی مالی" دیاریکراوە، زیندان و "حەپس" نەماوە، بەڵام ئەگەر ڕۆژنامەنوسێک لەکاری ڕۆژنامەوانی دەرچوبێت ئەوا وەک هەرکەسێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە."

وتیشی" ئەو یاسای کاری ڕۆژنامەوانیەی لەهەرێم هەمانە کە لەساڵی 2010وە دەرچوە ئیستا خۆشبەختانە زۆربەی دادوەرەکان ئاگاداری ئەو یاسایەن و جێ بەجێی دەکەن، سەبارەت بەدادگایەکی تایبەتیش تا ئێستا نەک لەسەر ئاستی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵکو لەسەر ئاستی پەرلەمانیش باس نەکراوە، چونکە پێویستی پێ نەبوە، کاری ڕۆژنامەوانی بەرفراوانە، ناکرێت بەتەنها لەناوچەیەک ئەو دادگایە بکرێت، ئێمە مەبەستمانە هەمو دادوەرەکان ئاگاداری یاسای کاری ڕۆژنامەوانی بن و باشترە لەسەر ئاستی دادوەرەکان بەگشتی ئەم یاسایە جێ بەجێ بکرێت."

سەبارەت بەدۆخی ڕۆژنامەنوسان-یش لەهەرێمی کوردستان، دیندار زێباری وتی" جگە لەوەی لەهەرێمی کوردستان یاسایەکی پێشکەوتومان هەیە من ناڵێم هەمو شت لە 100%، بەڵام هەوڵی جدی هەیە لەلایەن حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، پێویستمان بەشارەزایی دادوەرانیش هەیە لەو یاسایە، لەگەڵ ئەوەش  هەشت هەزار ڕۆژنامەنوس لەهەرێمی کوردستان هەیە، وای لێهاتوە کە بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی ئازادیەکی زۆر دراوە بەو بوارە تا ئه‌وه‌ی وای لێهاتوە ڕۆژنامەنوسان لەکاری خۆیان دەرچون و شارەزایەکی باشیان نیە، ڕۆژنامەنوس دەبێت شارەزایی هەبێت لەکارەکەی کەسایەتیەکی ئەکادیمی هەبێت، دەبێت ئەو ڕۆژنامەنوسە لەکاری خۆی شارەزا بێت، ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە کە ڕۆژنامەنوسان شارەزایی تەواویان نیە و باکگراوندی یاساییان نیە، بون بە ڕۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان کارێکی زۆر ئاسانە بەبێ ئەوەی هیچ ڕەزامەندی ئاڵۆزی هەبێت، هەتا مۆڵەتیشی پێویست نیە وە خوێندەواری باش-یشی پێویست نیە کە ئەوەش بەداخەوە "ئینعکاسی" کردووە لەسەر دۆخی ڕۆژنامەگەری وە ئەم ڕۆژنامەنوسانە بەڕاستی تاڕادەیەک کێشەی دروست کردوە ."

زێباری وتیشی" ئەم نەشارەزاییەی ڕۆژنامەنوسان و ژمارەی زۆریان تا ڕادەیەکی زۆر هۆکاری پێشێلکاری بوە بەرامبەریان، چونکە پیشەیی نەبون، من ناڵێم ڕێ و شوێنی ئەمنی نەگیراوەتە بەر، بەڵام ئەو ڕێ و شوێنانەش بۆ پاراستنی لایەنی ئەمنی کۆمەڵایەتی بوە، چونکە هەر بەرپرسێک وەک هەر هاوڵاتیەک خاوەن "سومعەیە" کاتێک ناوی زڕێنرا مافی خۆیەتی بچێتە دادگا و سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنوسەکە تۆمار بکات."

ڕاشیگه‌یاند: بەداخەوە یاساناسانی ئێمە ویستویانە ئازادی زۆر لەیاسای کاری ڕۆژنامەوانی دەستەبەر بکەن دیارە بەحسابی خۆیان لەبەر پێدانی ئازادی زیاتر بووە کە خودی ئەم یاسایە بۆتە بارگرانیەکی زۆر لەسەر ڕاستی زانیارییەکان وە "سومعەتی" هەرێم وە نەشارەزایی ڕۆژنامەنوسان لەکاری ڕۆژنامەوانی وتێکەڵاوکردنی زۆر بابەت کە لە ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا نیە."
 




PM:12:45:17/05/2019