شیخ جەعفەر: رووبەرووی هیچ لێپێچینەوەیەک نەبوومەتەوە

شێخ جەعفەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە کاندیدیشە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم رایدەگەیەنێت لەسەر ئەو قسانەی پێشوو کە وتبووی " گوێ لە قسەی جێگرەکەی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ناگرم "، دەڵێت" تووشی هیچ لێپێچینەوەیەک لەلایەن دەزگای حکومی و حیزبەکان نەبوومەتەوە".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێخ جەحفەر مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و یەکێکیشە لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم دەڵێت" ڕەنگە وەک گۆڕان هەندێک قسە لەملاو لاکرابێت بەس بەڕەسمی نا بەڵام ڕەنگە بە"شەخسی" قسەیان کردبێت، ڕەنگە کادیرێک یا کەسێکیان قسەیان کردبێت ئەویش بەلای منەوە شتێکی ئاسایی بووە، ئەگەر کەسێکیش قسەی کرد دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە وەڵام و کاردانەوەی دەبێت بەرامبەری ئەوە ئاساییە."

سەبارەت بەوەی ئایا سوری لەسەر قسەی خۆت؟ شێخ جەعفەر دەڵێت " من ئەوە چاوپێکەوتنێکم کردووە خۆ قسەم بەدزییەوە نەکردووە ، قسەم لە میدیایەکی وەک دەنگی ئەمریکا کردووە کە خەڵکێکی زۆر گوێی لێدەگرێت."

پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠١٨ ەوە ئاسایی نییەو هەندێکجار لەلایەن کادیرانی هەردوولاوە لێدوانی زبر بەرامبەر یەکتر بڵاودەکەنەوە، هەرچەندە هەردوولا بڕیاریان داوە بەشداری کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی پارتی بکەن، بەس تا ئێستا پەیوەندیەکان ئاسایی نەبۆتەوە.






PM:06:23:17/05/2019