هەوڵێكی گزیكردن (قۆپیە) شكستی هێنا

لە سلێمانی هەوڵێكی گزیكردن لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی شكستیهێنا و پۆلیس زانیاری ئاشكرادەكات.

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە سەدان پارچە ئامێریان بە مەبەستی ئەنجامدانی گزیكردن لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی دوانزەی ئامادەیی پێبووە.

ئەمڕۆ دوو شەممە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هێزەكانمان دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە زیاتر لە 300 پارچە ئامێریان پێبووە، كە ئامێری (وۆكی تۆكی) ن و بە ئامێری پچڕانی شەبەكەش تۆڕەكانیان ناپچڕێت".

ئەوەشی خستەڕوو "تۆمەتبارەكان ئەو پارچە ئامێرانەیان بە مەبەستی بەكارهێنان بووە بۆ ئەنجامدانی گزیكردن لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی دوانزەی ئامادەیی".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد "پارچە ئامێرەكان لە كراس دووراوە و تۆمەتبارەكان ژمارەیەك لە ئامێرەكانیان بە 200 بۆ 250 دۆلار فرۆشتووە".




PM:03:24:20/05/2019