سامان گه‌رمیانی:بۆ ڕێككه‌وتن قسه‌مان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامییانین

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی زۆر به‌سود ده‌بێت بۆ هاوسه‌نگی هێز له‌كوردستان، دەبێت ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان لەیەكترەوە زیاتر نزیك بین وەك لە هەر هێزێكی تر.

سامان گەرمیانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان،  بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند" من بۆ خۆم پێشتر داوام كردووە كە پەیوەندییەكانی گۆڕان و یەكێتی ئاسایی بكرێنەوە، بێین ئەو ڕێككەتنەی كە لەنێوان ئێمە و گۆڕان كراوە (ڕێككەوتننامەی دەباشان) بەردەوامی پێبدەین، وە ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە ئەو گرژییەی لە ڕابردوو لەنێوان ئێمە و گۆڕان دروست بووە بەتەواوی نەمێنێ."

وتیشی، لەڕابردوودا وەك یەكێتی چەندین جار هەوڵمان داوە لەگەڵ گۆڕان دابنیشین، من لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی خۆمان ڕۆیشتینە لای "كاك عومەری سەید عەلی" هەوڵماندا بەیەكەوە دابنیشین و ئەو گرژییە بڕەوێنینەوە بەڵام بەداخەوە ئەوان شتەكەیان دواخست و نەكرا تا ئێستا، ئێمە وەك یەكێتی پێمان وایە كە ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی یەك حیزبدا لەدایك بووین وە زۆر لەیەكەوە نزیكین بەردەوامیش "ڕەفیقین" پێكەوە وە پەیوەندی بەهێزی هاوڕێیەتیمان هەیە، بۆیە ئاسانە ڕێككەوتن لە نێوانمان بەداخەوە تا ئێستا ئەوەیان نەكرد، ڕەنگە یەكێتیش كەمتەرخەم بوبێت لەجێ بەجێ كردنی ئەو ڕێككەوتنەدا."

پێشتر، عەبدوڵای كوێخا موبارەك ڕایگەیاندبوو" بەهەوڵ و نێوانگیری بەرهەم ساڵح یەكێتی و گۆڕان كۆبونەوەی نهێنی ئەنجام دەدەن دەیانەوێت ڕێكبكەون لەژێر (ناوی ڕێككەوتنی دەباشان)، بەڵام گۆڕان داوای كردووە تا دوای پێكهێنانی حكومەت و وەرگرتنی پۆستەكان دوابخات تا ئەو كاتەی پۆستەكانی لەحكومەت وەردەگرێت چونكە لە كاردانەوەی "خراپی" پارتی دەترسێت."

سامان گەرمیانی باسی لەوەشکرد" لە ئێستادا وەك یەكێتی داوامان لەگۆڕان كردووە پێمان وایە دەبێت بەردەوامی بەو ڕێككەوتنەی نێوانمان بدەین بەڵام چاوەڕێی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان-ین هیوادارین بزوتنەوەی گۆڕان وەڵاممان بداتەوە لە ئاستێكی باشدا، ئێمە دوو وەفدی دانوستانمان هەیە لەنێوان تا ئێستاش ئەو دوو وەفدە ماون بەس ئەوەندەیە ڕۆژی كۆبونەوە دەست نیشان بكرێت."

وتیشی" ئومێد دەكەم ئەمجارە بزوتنەوەی گۆڕان بەجدی بێنە پێشەوە، وە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەجدی بڕواتە پێشەوە، وە ئەو كێشەیەی نێوانمان چارەسەر بكەین."

گەرمیانی وتی" ڕێككەوتنی نێوان هەموو لایەنە سیاسیەكان گرنگە دەبێت وەك یەكێتی دۆخێك دروست بكەین كە ڕێكبكەوین لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان و یەكێتی نێو ماڵی كوردی."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن پەیوەندی لەنێوان یەكێتی بەتایبەت ماڵی مام جەلال و گۆڕان بەردەوام بووە كە ئەوان بەردەوام یەكێتی-یان تۆمەتبار دەكرد بە تەقەكردن لە گردی زەرگەتەی گۆڕان و وێنەی نەوشیروان مستەفا؟ سامان گەرمیانی دەڵێت" ئەوە شتی "شەخسی" بوو، ئێمە شتی "شەخسی" بەشتی حیزبیەوە تێكەڵ ناكەین."

دەشڵێت:" بەڵێ بزوتنەوەی گۆڕانیش دەزانێت وە ئاگادارن كە ئەوە شتی "شەخسی" بووە."

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی راشیگەیاند" هەم بۆ گۆڕان وە هەم بۆ یەكێتی گرنگە لەگەڵ یەكتر ڕێكبكەوین چونكە ئەم هێزانە پێكەوە لەم ناوچەیەدان، وە دەبێت ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان لەیەكترەوە زیاتر نزیك بین وەك لە هەر هێزێكی تر ئەگەر لەڕووی ئایدۆلۆژی و مەبدەئەوە بێت."
 



AM:11:16:22/05/2019