فراكسیۆنی یەكێتی دوا قسەی حزبەكەی كرد

فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان پابەندبوونی خۆی بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیاند و دوا قسەی حزبەكەی كرد.

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند: لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت پەیامی یەكێتی بەو جۆرە بووە لەسەر سێ ئاست ڕێكەوتن لەگەڵ پارتی دەكەین، ئەوانیش ناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و كەركوك بەتایبەت، شێوازی كاركردنی ئایندەمان لەهەرێم و دروستكردنی حكومەتێك بەهاوبەشی ڕاستەقینە،  كاركردن لەبەغدا بەیەك تیم و پاراستنی یەك گوتاری.

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە پارتی پابەندی ڕێكەوتنەكە نەبوو، ئێمەش وەك فراكسیۆنی یەكێتی و بەڕەچاوكردنی بڕیاری مەكتەبی سیاسی بەشدارنەبووین لەكۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بەكاندیدی سەرۆكی هەرێم.

دەشڵێت " بەشداری نەكردن لەدەنگدان بەسەرۆكی هەرێم شەخسی نییە، بەڵكو لەچوارچێوەی ڕێكەوتنەكاندایەو نەگەیشتوینەتە گوتارێكی یەكگرتوو لەبەغداو هاوبەشی ڕاستەقینە لەهەرێم و پێكەوە كاركردن لەناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە پابەندی بڕیاری حزبەكەمانین".

ڕاشیدەگەیەنێت "بەدڵنیایی لەڕۆژانی ئایندە فراكسیۆن یەكێتی بۆچونی خۆی لەسەركردایەتی باس دەكات، گوتاری فراكسیۆن لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەخەینەڕوو، پارێزگاریشی لێدەكەین".




PM:12:53:28/05/2019