قائیمقامی هەولێر ئاماری بەدواداچوونەکانی لە ڕەمەزاندا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، دەست بەسەر ٨۰ تۆن خواردن و خواردنەوەی خراپدا گیراوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر لە مانگی رەمەزاندا توانیویانە ۱۳۰ سەردانی مەیدانی بکەن و ۷۰ سەرپێچی تۆمارکراون و ۱٦ شوێنیش داخراون، بەهۆی سەرپێچی ۳٨ شوێنی دیکەش ئاگاداریی کۆتایی کراون و ٦ شوێنیش دەستخۆشییان لێ کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو دەست بەسەر ٨۰ تۆن لە خواردن و خواردنەوەدا گیرا، کە یان خواردنی قەدەغەکراوبوون یان ماوەیان بەسەرچووبوو.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ٤٧ ملیۆن دیناریش سزای پێبژاردن هەبوو لەم مانگەدا و ۲٨ کەس دەستگیرکراون بەهۆی سەرپێچی و ۷یان دراونەتە دادگا.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، ١٨ ملیۆن دینار سزای دەرمانخانەکان دراون، پێنج تۆن دەرمانی ماوەبەسەرچووش دەستی بەسەردا گیراوە لە مانگی رەمەزاندا.