دوای كوشتنی دلین وەلید، لە چەند شوێنی گشتیی دهۆك هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ساز كردووە و داوای ئەوە دەكەن بكوژی دەلین لەبەرچاوی خەڵك لەسێدارە بدرێت، پۆلیسی دهۆكیش ڕوونكردنەوە دەدات.
موقەدەمی مافپەروەر هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە پێگەی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە "دیارە ئەمە یەكەم تاوان نییە و بێگومان دوا تاوانیش نابێت كە لەمجۆرە ڕوویان دابێت و نەتەنیا لە وڵاتی ئێمە نییە، بەڵكوو لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەمجۆرە تاوانانە ڕوو دەدەن، دیارە حكوومەتەكان بەتەواوی و بەتەنیا ناتواننن كۆنترۆڵی ئەو جۆرە تاوانانە بكەن، لە هەر جێیەك بە گوێرەی كولتوور و دابونەریتی خۆیان دەتوانن هەندێ هەنگاو بۆ كەمكردنەوەی ئەو جۆرە تاوانانە بهاوێژرێن".
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك دەشڵێت "یان پیویستە لە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە، سزای سێدارەدانی بەسەر تاوانباراندا بسەپێندرێت و لە گۆڕەپانی گشتی و بە ئاشكرایی لەپێش چاوی هاووڵاتیانەوە ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی ئامانج لە سزا پێشگرتنی تاوانی گشتی و تاكە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا و ئەمەش دەبێتە یەكێك لە ئەگەرە سەرەكییەكانی كەمكردنەوەی ڕێژەی تاوانەكان لەم خاڵانەدا: جێبەجێكردنی دادپەروەری، سەپاندن و جێبەجێكردنی سزا، هوشیاكردنەوەی هاووڵاتییان، پاككردنەوەی كۆمەڵگە لە مرۆڤی خراپ.
وتیشی "لەڕووی دینی و مەزهەبیشەوە دەكرێ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە وەك "قەساس" ببێتە پەند و عیبرەتێك هەتا كەسانی دیكە تاوانی لەو جۆرە نەكەن و ئەو تاوانەی كە ئەنجام دراوە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی 1969 ئەو تاوانەی كە ئەنجام دراوە، بەتەنیا لە یەك مادە یاساییەیەكەدا ئاماژەی پێ نەكراوە، بەڵكوو جیا لەسزای سێدارەدان هیچ سازایەكی دیكە بۆ ئەو تاوانبارانە نییە".
هەروەها دیسان لەبارەی شوێنی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیش، پێویستە لە بارەگای چاكسازی (زیندان)، یان هەر جێیەكی دیكە بێت و دەڵێت "مادام لەڕووی یاساییەوە هیچ ڕێگرییە نییە، ئێمە داواكارین تاوانباری ئەو كەیسە هاوشێوەی تاوانەكە بە ئاشكرا و لە گۆڕەپانی گشتی و لە پێش چاوی گشتی لەسێدارە بدرێت تاكوو ببێتە دەرس و عیبرەت بۆ ئەو بیر و هزرانەی ئەو جۆرە تاوانانە دەكەن و هاوكات ببێتە هوشیارییەك بۆ كۆمەڵگە بەگشتی و متمانەیەك بۆ سەروەریی یاسا".