داوای راگرتنی هاوردەكردنی مریشك دەكرێت

كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی كوردستان لە بەیانامەیەكدا بە چەند خاڵێك هۆشداری دەداتە پەرلەمانی كوردستان.

لە بەیانامەكەدا كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی كوردستان لە بارەی بەرهەمهێنانی مریشك ڕایانگەیاند "ئێمە وەك كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان لەهەرێمی كوردستان كە لەئێستادا نوێنەرایەتی خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكەین توانیومانە بەرهەم ھێنانی مریشكی زیندوو لە ناوخۆدا بەتەواوەتی بازاڕەكانی پێ پڕبكەینەوە لەخواستی بازاڕ زیاتربێت توانای هەناردەكردنیشمان هەبێت".

هەروەها لەبارەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مریشكەوە ڕایانگەیاند "دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم بەیاننامەیەوە هەموو لایەك لەوە ئاگاداربكەینەوە كە بەردەوام خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان لە زەرەردان، كە تائێستا بەردەوامن و مریشكی زیندویان بەرھەم ھێناوە، بەڵام چێتر لەتوانایاندا نامێنێت و ناچارن كە بەرھەم ھێنانی مریشك ڕابگرن، چونكە بەردەوام لە زەرەردان".

لە بەیاننامەكەدا چەند خاڵێك بۆ پەڕلەمان خراوەتە ڕوو،كەباس لە ڕاگرتنی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو دەكرێت بۆ ناوخۆی هەڕێم و دانانی لیژنەیەك بۆ چاودێریكردنی هاوردەكردنی عەلەف كۆی داواكاریەكانی  كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی كوردستان لەم خاڵانەدا كۆدەبنەوە:

١- دیاریكردنی نرخ، حكومەتی ھەرێم لیژنەیەك دروستبكات بڕو تێچوی مریشك دیاریبكات لەبەرھەم ھێناندا پاشان نوسینگەی تایبەت دروستبكرێت و حكومەت خۆی مریشكەكە بكڕێتەوە و دواتر بە فرۆشیارانی بازاڕی بدات و یەك نرخ دیاریبكرێت كە ئەمە باشترین ھاندانە بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان و ھاووڵاتیان.

٢-ڕێگریكردن یان زیادكردنی گومرگ لەسەر بەرهەمی مریشكی بەستوو تا مریشكی زیندوو زیاتر بازاڕی بۆبكرێتەوە.

٣- هەرزانكردنی عەلەف و ئازادكردنی هاوردەكردنی لەووڵاتانەوە بۆئەوەی تێچوی مریشك ھەرزانتربكەوێت لەسەر خاوەن كێڵگەكان و بەھەرزانیش بگات بەدەست هاووڵاتیان.

٤-دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر هاوردەكارانی عەلەف و دەرمان.

٥-پشتیوانیكردن و بازاركردنەوە بۆ بەرهەمی ناوخۆی.




PM:02:26:30/06/2019