خوێندنی باڵا خوێندكار دەنێرێت بۆ فەرەنسا

وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینەوەی‌ زانستی‌ حكومەتی‌ هەرێم خوێندنی باڵا خوێندكار دەنێرێت بۆ فەرەنسا وردەكاریی ڕەوانەكردنەكە ئاشكرادەكات.

لەڕاگەیەنراوی وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینەوەی‌ زانستی‌ حكومەتی‌ هەرێم هاتوە "بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی ئەكادیمی هاوبەشی بەرنامەكانی (ماستەر، دكتۆرا، پۆست دكتۆرا، ڕاهێنانی ستافی ئەكادیمی و كارگێڕیی و ئەندازیاری)، لەئەیلولی ئەمساڵدا خوێندنی باڵا ڕێككەوتنامەیەكی هاوبەش لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەرەنسا لەبەغدا ئیمزادەكات".

د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەی‌ بەوەداوە، "بڕیاروایە لەئەیلولی ئەمساڵدا ڕێككەوتنامەكە ئیمزابكرێت".

لەبارەی‌ مەرجەكانیشەوە وتویەتی‌ "بۆ خوێندنی دكتۆرا پێویستە پێشكەشكار تەمەنی لە(٤٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ ماستەر پێویستە تەمەنی لە(٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها خوێندن بەهەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەبێت و ئاستی زمانەكەش بەپێی سروشتی زانكۆو پرۆگرامی خوێندنەكە دیاریدەكرێت, بۆ خولەكانی ڕاهێنانیش تەمەن وەك مەرج هەژمار ناكرێت".

د. جوان جەلال ئەوەشی‌ ڕونكردۆتەوە، "ئەم ڕێككەوتنە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ بەردەوامدەبێت و بڕیاریشە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ئیمزابكرێت كە لەقۆناغی یەكەمدا بەمەبەستی ڕاهێنان توێژەرەكان ڕەوانەی‌ ئەو وڵاتە دەكرێن، لەقۆناغی دوەمیشدا یەكەم گروپی خوازیارانی دكتۆرا ڕەوانە دەكرێن و دواتریش قۆناغەكانی دیكەی ماستەرو پۆست دكتۆرا ڕەوانە دەكرێن".

لەبارەی‌ خەرجیشەوە د.جوان ئاشكرایكردوە، "تەواوی خەرجیەكانی ئەم بەرنامانە لەئەستۆی حكومەتی  فەرەنسا دەبێت، جگە لەبژێوی ژیان كە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لەئەستۆی دەگرێت، هەروەها چاوپێكەوتنی خوازیاران لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت ئەنجامدەدرێت كە پێكهاتون لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و نوێنەری باڵیۆزخانەی فەرەنسا".




PM:04:08:03/07/2019