سەرۆکی هەرێم خوێندکارە یەکەمەکانی خەڵات کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە خوێندکارە یەکەمەکانی 9 و 12ی ئامادەیی خەڵاتکرد و ڕایگەیاند قۆناغێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و بناغەی پەروەردەیەکی تۆکمە و سەردەمیانە دادەنێین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی "زانست و زانین بناغەی ژیانی سەردەمیانەیە و نەخوێندەواری کوشندەترین پەتای سەردەمە و هەر سەرکەوتنێکی ئێوەی قوتابیی خۆشەویست سەرفەرازی و شانازییە بۆ ئێمە، بۆیە داوای ئامۆژگاریمان بۆ ئێوە خوێندن، خوێندن و دیسان خوێندنە، چونکە سەرکەوتنی هەمووتان سەرکەوتنی ئێمەشە."

 نێچیرڤان بارزانی لەبارەی قەیرانی ساڵانی ڕابردووی کوردستان وتی "لە پێنج ساڵی ڕابردوودا قەیرانی دژوارمان تێپەڕاند، بەڵام پرۆسەی خوێندن نەوەستاو و پێشمەرگە و ئاسایش و خۆبەخشەکان و لەسەرووی هەموویانەوە مامۆستایانیش لە پۆل و هۆڵەکانی خوێندندا وانەیان وتەوە و ڕووبەرڕووی دۆخەکە و بوونەوە و بە هەموو سەختییکەوە نەیانهێشت پرۆسەی خویندنەن پەکی بکەوێت و بوەستێت".

 وتیشی "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی پێشمەرگە دادەنوێنین و ڕێزمان بۆ مامۆستا دڵسۆزەکان هەیە و سوپاسی هەموویا دەکەم کە نەناهێشت پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بوەستێت و مژدەی ئەوەتان پێ دەدەین دوای  شەڕ و و ئاڵۆزی، قۆناغی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و بە ئومید و هیواوە بەرەو ئایندە و بنیادنانی سیستەمێکی تۆکمەی سەردەمیانەی پەروەردە هەنگاو دەنێین".

 دوای وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وتاری نوێنەری خوێندکاران، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەوە خەڵات بەسەر خوێندکارە یەکەمەکانی کوردستاندا دابەش کرا.

 



PM:05:36:03/07/2019