بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە سنوری ناحیەی سیتەك 20 دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سوتا.
ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "ڕێكەوتی 3 ی 7 ی 2019 لە سنوری نێوان گوندەكانی (كانی سارد و ئەحمەدئاوا) لە شاخی كەتوو سەر بە ناحیەی سیتەك، ئاگرێك لە پوش و پاوان و دارستانی ناوچەكە كەوتەوە".
ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە "دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی مەبەست و بە هاوكاری ئاگركوژێنەوەی سیتەك و دانیشتووانی گوندی كانی سارد، توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و ڕێگە لە زیاتر تەشەنەكردنی بگرن".
باسی لەوەشكردووە "زیانی ئاگرەكە مەزەندە دەكرێت بە سوتانی نزیكەی (20) دۆنم لە پوش و پاوان و داری سروشتی سنورەكە، هۆكاری كەوتنەوەی نەزانراوە و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".