فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی نایاساییە، بەوپێیەی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نیە بۆیە داوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەین و ئەگەر ئەم بڕیارە تێپەڕێت پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 13ی تەمووز فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لەبارەی بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەکەی لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتەوە ئەنجامدا و تێیدا جەختکرایەوە لەوەی بڕیارەکە هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و زیاتر سزای سیاسیە.
رێبوار ئەحمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رونیکردەوە، ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو پەیڕەوەی هەمانە کار دەکەین و لەسەر ئەم بابەتە داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەن دەکەین، چونکە بڕیاری لابردنی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە بە نایاسایی دەزانین و بەدەرە لە پاڵپشتی یاسا
ڕوونیشیکردەوە، یاسای حکومەت و وەزارەتەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتەکانیان لەیەکتری جیاکردوەتەوە، واتە دەسەڵاتی هەر لایەکیان دیاری کراوە لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی پارێزگاکان متمانە دەدەن بە حکومەتی خۆجێی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی حکومەتی خۆجێی، هاوکات لە مادەی شەشی یاسای ژمارە سێی ساڵی (2009) ئەنجومەنی پارێزگاکاندا رونکراوەتەوە کە دانان و لابردنی بەڕێوەبەرە گشتیەکان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنەکانە، بۆیە لابردنی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتەوە هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نیە".
هەروەک باسی لەوەکرد، کە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانیش بە رونی ئاماژەی بەوە کردوە، کە دانان و لادانی بەڕێوەبەری گشتی بەپێی یاسا دەبێت، ئەوەش پاڵپشتیە بۆ یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە پەرلەمان دەرکراوە.
جەختیشی کردەوە، کە مافی خۆیانە بەرگری لە بەڕێوەبەرێکی گشتی بکەن کە هیچ سەرپێچییەکی نییە و کاری بۆ باشکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کردوە، بەڵام بەشێوەیەکی نایاسایی لە کارەکەی دور بخرێتەوە و بەوپێیەی بە دانپێدانانی تەواوی لایەنەکان ئەو بەڕێوەبەر گشتییە بە پیشەییانە و بێلایەنانە کاری کردوە، جگە لەوەی شارەزای بوارەکەی خۆیەتی و لەماوەی کارکردنیدا هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە بوە