نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێستۆرانتێک لە شاری هەولێر تەقە لە بەرپرسێکی کونسوڵگەری تورکیا لە هەولێر کرا، "سپی" ژمارە و ناوی کوژراوان و چۆنێتی ڕووداوەکە بڵاودەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە بۆ "سپی" ئەوەی ئاشکراکرد ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەمڕۆ سێ کەس بوون کە یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و ئەوی دیکەشیان پاسەوانی تەقەکەرەکە بووە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لەڕووداوەکەدا سێ کەس کوژراون کە یەکێکیان بەرپرسێکی کونسوڵگەری تورکیایە و ئەوی دیکەش کەسێکە بەناوی نەریمان عوسمان، کە ئامۆزای ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشوی مەکتەبی ساسی یەکێتیە و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا ڕوویان لەو ڕێستۆرانتە کردووە بۆ نان خواردن".
سەبارەت بە چۆنێتی ڕووداوەکە ئەو سەرچاوەیە وتی "لەکاتێکدا ئەو بەرپرسەی کونسوڵگەری تورکیا لەناو ڕێستۆرانتەکەدا دەیەوێت چاکەتەکەی لەبەر بکاتەوە تەقەکەرەکە بە دەمانچە تەقەی لێدەکات و ئەو کەسەی دیکەش لەگەڵ بەرپرسەکەی تورکیا گیانی لەدەستداوە".
هەر دوای ڕووداوەکە دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پەكەكە بە "سپی" ڕاگەیاند "ئاگاداری ڕووداوی تەقەكردن، كوشتن و برینداربوونی بەرپرسانی كونسڵخانەی توركیا لە شاری هەولێر نین".
هەروەها دەشڵێت "هیچ زانیارییەكمان لەبارەی ڕووداوەكەوە نیە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومانە".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و دوای تێپەڕبونی یەك كاتژمێر بەسەر ڕووداوەكە "سپی" وەك یەكەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەكی سەرچاوەیەكی سیاسی باڵاوە كوژرانی بەرپرسێكی باڵای توركیا لە هەولێر ڕاگەیاند.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ڕووداوەكە لە گەڕەكی عەینكاوای شاری هەولێر بووە و ئەو بەرپرسەی كوژراوە جێگری قونسوڵی توركیایە و كەسێی دیكە كوژراون".
هاوكات پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە ئەردۆغان لەسەر هێرشی سەر كارمەندانی كونسوڵخانەكەی توركیا لە هەولێر هاتە دەنگ و دەڵێت "لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و كاربەدەستانی ناوچەكە لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".
هەروەها دەشڵێت "لەخوا داواكارم تاوانباران بەر ڕەحمەتی خۆی بكەوێ".
هاوكات لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا وێڕای ئیدانەكردنی ھێرشەكە، ئاشكرایكردوە، لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و ھەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ دەستگیركردنی بكەرانی رووداوەكە.