قەرزی بچوک بە شێوەیەکی جیاوازتر دەدرێت بە هاوڵاتیان

بەڕێوەبەری سندوقی پڕۆژەی بچوك ئاشکرایدەکات پلانیان داناوە بۆ ئەوەی قەرزی بچوك بكرێتەوە و بدرێتە هاووڵاتیان، ئەمەش دەبێتە یەكێك لەكارە سەرەكیەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی.

ئارام ئەنوەر، بەرێوەبەری سندوقی پرۆژە بچووكەكانی لاوان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی راگەیاند: لە پلاندایە قەرزی بچوك بكرێتەوە، بۆ ئەوەش بڕیارە بە چەند میكانزمێك كارەكە دەست پێ بكاتەوە، قەرزەكە بەو كەسانە دەدرێت كە مامەڵەیان پێشكەشكردووە و رەزامەندیشیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام وەكو جاران نابێت یەكسەر پارەكەیان پێ بدرێت بەڵكو خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری تایبەت دەبن.

ناوبرا ئاماژەی بەوەشداوە: لەسەر پڕۆگرامێكی تایبەت خولەكە بۆ ئەو كەسانە دەكرێتەوە، ئامانج لەو میكانزمە تازە ئەوەیە كە هەر كەسێك پڕۆژەی تازە دەكاتەوە زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر بەرێوەبردنی پڕۆژە و ئاشنایەتی بە بازاڕ نامانەوێت وەكو پێشووتر بێت بەڵكو دەمانەوێت لەسەرستاندارە جیهانیەكان بڕۆین.

وتیشی: ئەو كەسەی داوای قەرز دەكات دەبێت تەمەنی لە 15 بۆ 35 ساڵی بێت، توانای بەرێوەبردنی پرۆژەی هەبێت لە دوكانێك یان مۆڵێك یان پرۆژەیەك و لە كاتی وەرگرتنی قەرزەكە دەبێت كەفیلی هەبێت ئەگەر پارەكە كەم بێت یەك كەفیلی دەوێت بەڵام ئەگەر 15 ملیۆن بێت ئەوە دەبێت دوو كەفیلی هەبێت.




PM:06:32:24/07/2019