نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی حەوت دیاریكرا و بەرنامەی پێدانی كارەباش بۆ ئەم مانگە ئاشكراكرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ لەكۆبونەوەیەكدا لەدیوانی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، نرخی كاتژمێرێك كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی حەوت بە 39 دینارو 250 فلس دیاریكرا.
ئەوەش ڕونكراوەتەوە، مۆلیدەكان بەتێكڕا لەنێوان 220 بۆ 240 كاتژمێر كاریانكردوە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لەنێوان هەشت هەزار و 500 دینار بۆ نۆ هەزارو 500 دینار دەبێت و نرخی ئەمپێڕێكیش لەگەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكە جیاوازە.
كارەبای سلێمانی ئەوەشی ڕونكردۆتەوە، بەبەراورد بەنرخی ھەمان مانگی ساڵی 2018 نرخی ئەمپێری مۆلیدە ھەرزانتر بوە لەسەر هاوڵاتیان بەهۆی بونی كارەبای نیشتیمانیەوە، چونكە نرخی یەك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لەمانگی حەوتی 2018 بریتی بوو لە 17 هەزارو 500 دینار.
لەبارەی بەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكانیش بۆ مانگی ھەشت كارەبای سلێمانی تەئكیدیكردۆتەوە، "مۆلیدە ئەھلییەكان لەئامادەباشیدا دەبن ھەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە ئەوان كارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابیندەكەن، بەمەش 24 كاتژمێر كارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابیندەكرێت، ناشبێت پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی مۆلیدەكاندا تێپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".