دواین زانیاری لەسەر پێدانی ئۆتۆمبیلی قیست بە مامۆستایان

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، پرۆژەی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بە شێوەی قیست ئەو دواكەوتنە مانای ئەوە نیە پرۆژەكە ڕاگیرا بێت، بەڵام پێ دەچێت كۆمپانیاكە چاوەڕی دۆخی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا بكات.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە میدیاکانی نزیک پارتی ڕاگەیاند "پێش دوو هەفتە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) قسەمان كرد، ئەوان نەیانوت كارەكە ناكرێت، بەڵكوو وتیان بەم نزیكانە بەڕێوەبەری بانكی جیهان دێتەوە و وەڵامی كۆتاییتان دەدەینەوە".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دواكەوتنی كۆمپانیاکە پەیوەندی بە بارودۆخی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدرالەوە هەیە، چونکە "مووچەی مامۆستا لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەی هەولێر و بەغدا دایە”.

ڕاشیگەیاند، كۆمپانیاكە ئەوەیان بە ئێمە ووت، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا وردەكاری پرۆسەكەتان بۆ ڕەوانە دەكەین بۆیە چاوەڕێی ئەوان دەكەین.

باسیشی لەوە کرد کە لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێت بە قەرز بەهۆی پڕۆژەکەوە، "دەبێت لەگەڵ حکوومەت گفتوگۆ بکرێت و بانكەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پەروەردە هەماهەنگی بكات، بۆ ئەوەی یەكێك لە بژاردەكان دیاری بكرێت”.


 بەوتەی عەتا ئەحمەد، دوو بیرۆکە هەیە بۆ ئەوەی قەرزەکە لە مامۆستایان وەربگیرێتەوە کە ئەوانیش:

- کردنەوەی ژمارە حیسابی بانکی بۆ مامۆستایان و بڕینی پارەکە لەنێو حبسابی بانکیی مامۆستا.

- گلدانەوەی بەشە قەرزەکە لە مووچەی مانگانەی مامۆستا و لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی مووچەدا پارەکە راستەوخۆ بگێڕدرێتەوە.

- ئەو مامۆستایەی ئۆتۆمبێلی بە قیست وەرگرتووە، خۆی پارەکە بگەڕێنێتەوە.


PM:08:50:26/08/2019