بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا بۆ ماڵان بەردەوامە و لە سەرجەم گەڕەكەكان لە ماوەی ساڵێك و شەش مانگدا تەواو دەبێت.
لە راگەیەندراوێكدا بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە ئەمڕۆ یەك شەممە دانانی پێوەری زیرەك بۆ ماڵان لە بەكرەجۆ دەستیپێكرد.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو "دانانی پێوەری زیرەك بەشێكە لە پلانی ستراتیژی وەزارەتی كارەبا بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كارەبا كە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی تۆڕی كارەبای زیرەك بۆ گشت شارەكانی هەرێمی كوردستان كە لە رێگەیەوە بەشێوەیەكی مۆدێرن و زانستی هاوچەرخ و پێشكەوتوو لە رووی كارگێڕی و تەكنیكیەوە كەرتی كارەبا بەڕێوەدەبرێت و سوودی زۆری هەیە بۆ هاوڵاتی و وەزارەتی كارەبا".
بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی باسی لەوەشكردووە "بڕیارە پڕۆژەكە لە ماوەی 18 مانگدا تەواوببێت و لەلایەن كۆمپانیای شاندزەوە جێبەجێ دەكرێت".