دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا دەستیپێكرد، هاوکات وتەبێژی وەزارەتی كارەباش رایگەیاند" پێوەرەکە لە ماڵاندا دانانرێت، بەڵکو لە نێو محاویلەکانی کارەبادا دادەنرێت و هیچ هاوبەشێک مافی تانەگرتنی لە دانانی پێوەرەکان نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠١٩ ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت"هەڵمەتی دانانی پێوەری زیرەک لە شاری سلێمانیەوە دەستی پێکردوە، وە پێوەرەکە بۆ سەرجەم هاوبەشەکانی کارەبا لە زاخۆ تا خانەقین دادەنرێت، هەروەها پێوەرەکە لە ماڵاندا دانانرێت، بەڵکو لە نێو محاویلەکانی کارەبادا دادەنرێت و هیچ هاوبەشێک مافی تانەگرتنی لە دانانی پێوەرەکان نییە".
هاوکات وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا لەبارەی سوودی پێوەری زیرەک ڕایدەگەیەنێت: پێوەری زیرەک بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کارەبا و کۆنتڕۆڵی خواست و بنبرکردنی سەرپێچیەکانە و بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریەکانی کارەبایە و پێوەرە زیرەکەکان هەڵگری خزمەتگوزاری "جی، پی، ئێسن" و لەکاتی هەبونی هەرگرفتێکدا بەزویی شوێنى گرفتەکە دیاری دەکرێت و کیشەکە چارەسەردەکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى لەکاتى پچڕانیدا وزەی کارەبا زوتر بگەرێتەوە بۆ هاوبەشەکان.
هەروەها ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبایی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: لە پێوەری زیرەکدا گرفتی سوتانی محاویلەکان نامێنێت، ئەگەر کەسێک زیاد کارەبا بەکاربهێنێت و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی کارەبادا بکات، بەشێوەیەکی خۆکارانە کارەباکەی دەکوژێتەوە و زیان بە محاویل و کارەبای هاوبەشەکانی دیکە ناگات.