روفاتی هاوڵاتییەک دوای 33 ساڵ دۆزرایەوە

روفاتی ھاووڵاتییەك لە دەڤەری گەرمیان دوای 33 ساڵ لە مردنی دۆزرایەوە کە لەلایەن رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق شەھید كراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد "بە هاوکاری تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/گەرمیان، ئەمڕۆ رێکەوتی 1/10/2019، تەرمی هاووڵاتییەکی شاری کفری کە لەلایەن رژێمی بەعس شەهید کرابوو دۆزرایەوە".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئەو كەسە بەناوی داود سەمەد فرجی، کوڕی خانەوادەیەكی پێشمەرگە بوو، لە تەمەنی 14 ساڵیدا و لە رێکەوتی 18/10/1986 لەلایەن سوپای عێراقەوە لە شوێنێکی سەربازیی و بەشێوەیەکی شاراوە ژێرخاك کراوە. لە دوای راپەڕینەوە، خانەوادەکەی بۆ تەرمەکەی لە گەڕاندان".

لە راگەیەندراوەكەی دەزگای مین ئاماژە بەوەشكراوە "لە رێکەوتی 23/9/2019، بەهاوکاری تیمێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی گەرمیان، دەست کرا بە گەڕانێکی چڕتر. بە بەکارهێنانی ئامێری کانزادۆزەرەوە توانرا شوێنی تەرمەکە بدۆزنەوە کە لە نێو تابوتێکی ئاسنیندایە".







PM:03:16:01/10/2019