لەبارەی ڕێكخستنی كاری تەكسیەوە بڕیاردرا

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی گرێبەستی گۆڕینی لۆگۆی تەكسییەكانی هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان زانیاری خستەڕوو و ڕایگەیاند "ئەم گرێبەستە واژۆ دەكرێت و لە داهاتوو دەخرێتە بوار جێبەجێكردنەوە".

 ئومێد محەمەدساڵح، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی ئەو ڕێككەوتن و گرێبەستەی كە وەزارەتی گواستنەوە بۆ ڕێكخستنی كاروباری تاكسییەكان كردوویە لە داهاتوودا لۆگۆ و ڕەنگی لەزگەی تاكسییەكانی هەولێر ڕەنگیان سوور و تاكییسەكانی پارێزگای سلێمانی شین و ڕەنگی تاكسیەكانی پاریزگای دهۆكیش ڕەش دەبێت و ڕەنگی لۆگۆ و لەزگەكانی تاكسیی نێوان شارەكان قاوەیی دەبێت و پاش ڕێكخستنی ئەو كارانە تاكسیی ناو شارەكان ناتوانن لە هێڵی نێوان شارەكاندا كار بكەن، ئەم گرێبەستە واژۆ دەكرێت و لە داهاتوو دەخرێتە بوار جێبەجێكردنەوە".

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی "ئەم گرێبەست و پرۆژەیە بە هەماهەنگیی بەشە جیاجیاكنی وەزارەتی ناوخۆ (پۆلیس، ئاسایشی گەڕەكەكان و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ) جێبەجێ دەكرێت و لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی كاری تەندەریان بۆ كراوە و ئامانجمان ڕێكخستنی گواستنەوەی هێڵی تەكسییەكانە لەناو شار و ڕێگەكانی هەرێمی كوردستان".

هاوكات وەزیری گواستنەوە و گەیاندن وتی "هەروەك دەزانین سەرەكیترین ئامرازی گواستنەوە لە كوردستان تەكسییە، هەر بۆیە دەبێ ئەم كارە بە شێوەیەكی ورد و سەردەمیانە ڕێكبخرێت هەر شارێك تەكسیی تایبەت بە خۆی بە ڕەنگ و لۆگۆی تایبەت بە خۆی هەبێت كە سەرەكیترین ئامانج تێیدا كەمكردنەوەی جەنجاڵییە".



PM:02:49:08/10/2019