مەزڵوم كوبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند توركیا ئاگربەستی پێشێل كردووە و داوا دەكات ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت لە سوریادا.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، "تائێستا هێرشەكانی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە بەردەوامە و پابەند نەبون بە بڕیاری ئاگربەستەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە هەوڵدەدەن دەستبەسەر شاری تەلتەمردا بگرن و پاكتاوی نەژادی ئاشوریەكانی ناوچەكە بكەن.
22ی تشرینی یەكەم روسیا و توركیا رێككەوتن لەسەر وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان لەبەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لەماوەی 150 كاتژمێردا بەقوڵی 30 كیلۆمەتر لەسنوری توركیاوە بۆ ناو خاكی سوریا.
هەرچەندە هێزەكانی سوریای دیموكرات پابەندی ئەو رێككەوتننامەیە بون، بەڵام تا ئێستا سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا ئەو ناوچانە بۆردومان دەكات كە رێككەوتننامەكە نایانگرێتەوە.