موسەنا ئەمین: مەترسی کودەتا هەیە

د.موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەگەر رەشنوسێكی نوێ لە شوێنی دەستووری ئێستا ئامادە نەكرابێت گۆڕینی دەستوور كارێكی ئەستەم دەبێت و دەشڵێت "مەترسی لە زەمینەسازی بۆ كودەتا لەعێراق هەیە".

موسەننا ئەمین لە چوارچێوەی دیداری مێری كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: ئەوەی ئێستا لەبارەی گۆڕینی دەستووری عێراق دەگوزەرێت، مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە هەموو لایەك ئەوە دەزانێت، كە ئەوەی ئێستا لە عێراق هەیە، خۆی لە تۆپەڵێك گەندەڵی، میلیشیا، فەوزا و نەبوونی بنەمای دەوڵەتدا دەبینێتەوە و لە پارێزگاكانی عێراق میلیشیا و حزبە سیاسییەكان حوكم دەكەن نەك دەوڵەت.

ئەوەشی خستەڕوو: لە عێراق یاسا سەروەر نییە و دادگاش پەكی كەوتووە و بە هەزاران دۆسییەی گەندەڵكاران لە دەستەی دەستپاكی كەوتوون و تا ئێستا رووبەڕووی دادگا نەكراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو پێكەوەژیانەی ئێستا لە عێراق هەیە و ئەو شەراكەتەی كورد لە بەغدا هەیەتی، بەو دەستوور رێكخراوە، هەر ئەم دەستوورەشە كە هەرێمی كوردستانی بە یاسایی ناساندووە، بۆیە ئاساییە كورد ترسی لە گۆڕینی دەستوور هەبێت، چونكە نازانرێت ئەو گۆڕینەی دەستوور چ ئەنجامێكی بۆ كورد لێ دەكەوێتەوە.

وتیشی: دوو ماددە لە دەستووری عێراقدا هەیە و جەخت لەسەر چۆنیەتی گۆڕینی دەستووری ئێستا دەكەنەوە، یەكێكیان ماددەی 142ـە و ئەوی دیكەشیان ماددەی 126ـە، لەو دوو ماددەیە زەمانەت بۆ كورد هەیە، كە لە ماددەی 142ـدا هاتووە، ئەگەر هەر گۆڕانكارییەك لە دەستووردا بكرێت، بەڵام لەلایەن 3 پارێزگاوە بە رێژەی 2 لەسەر 3 رەت بكرێتەوە، ئەوا كۆی گۆڕانكارییەكە رەت دەكرێتەوە.

وتیشی: هەرچی ماددەی 126ـە زەمانی ئەوەی تێدایە، كە دەبێت سەرۆك كۆمار بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەكە پێشكەش بكات و لە پەرلەمانیش دەبێت 2 لەسەر 3ی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت هەمواری دەستوور بكرێتەوە، وێڕای ئەوەی كە نابێت دەستكاری ئەو ماف و ئیمتیازاتانە بكرێت كە بە هەرێمەكان دراون. ئەمەش بە گوتەی خۆی لە كاتێكدایە كە سەرۆك كۆماری لە بەغدا نوێنەرایەتی كورد دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر هەوڵ بۆ گۆڕین یانیش هەمواركردنەوەی دەستوور بدرێت، پێویست ناكات كورد ترسی هەبێت، چونكە ئەو دوو ماددەیە دەستەبەری دەسەڵات و ئیمتیازاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەگەر هەوڵەكان بۆ كودەتا بێت بەسەر دەستووردا یانیش پەكخستن و سڕكردنی دەستوور بێت، ئەوا شتێكی ئاساییە كە مەترسیمان لەو گۆڕانكاریانە هەبێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتووە ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی جێگای مەترسییە خۆپیشاندان نییە، چونكە لەكاتێكدا گەندەڵی و نادادپەروەری باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە، خۆپێشاندان مافێكی رەوای هاووڵاتیانە، بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە ئەوەیە، كە هەندێ هێزی سیاسی سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەكان بوونە و ئەگەری ئەوە هەیە ئاراستەی خۆپێشاندانەكان بەلای توندوتیژیدا ببەن و بارێكی نائاسایی درووست بكەن و لە رێگەی گروپە چەكدارەكانەوە رێگای بەردەم كودەتا خۆش بكەن.
 



PM:02:38:05/11/2019