ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە ئەمڕۆ چوار شەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ڕایگەیاند" تا ئێستا ئامانجی و داواکاری تورکیا بەدینەهاتووە، بەڵام هێشتا سوورە لەسەری، جیهان لەگەڵ کوردە، بەرخۆدانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی بەردەوامە".
موراد قەڕەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە دەڵێت" بۆ ڕاگرتنی شەڕ و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارەیەک کۆبوونەوە ئەنجامدران و پڕۆژە ئامادەکران. بەلام ئەمریکا و ڕووسیا لەدژی ڕاگرتنی شەڕ وەستانەوە و ڤیتۆیان کرد. نەیانهێڵا شەڕ ڕابگیرێت. جێی سەرنجە هەردوو هێزەکە کە لە زۆر ڕووەوە ناکۆکن، لە سەر ئەم بابەتە یەکیان گرت".
قەرەیلان جەختیشیکردەوە: لەوانەیە گرێ سپی و سەرێکانی لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیرکرابێت. بەڵام گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ناو دڵی جیهاندا پشتگیریەکی زۆریان وەرگرت. بەرخۆدانی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی بەردەوامە. ڕەوش و ڕووداوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشانەی ئەوەیە، کورد لە سەر پێیە، ئامانج و پلانی داگیرکەران سەرنەکەوتن و لە ڕاستیدا کورد سەرکەوت. بێگۆمان بەرخۆدان لە سەر ئەو بناغەیە بەردەوام دەبێت.
موڕاد قەرەیلان ئەوەشیخستەڕوو: تا ئێستا جیهان دەنگی کوردی نەدەبیست. بەڵام ئێدی دەنگی گەلی کورد و کوردستان دەکاتە هەموو جیهان. ئەگەر ئێستا هێزەکانی جیهان دەچنە ڕۆژئاوا ئەوە زیان دروست ناکات. کێشەی کورد هەرچەند نێودەوڵەتی بکرێت، ئەوەندە لە بەرژەوەندی کورد دایە.
قەڕەیلان سەبارەت بە هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەم بەرامبەر ڕۆژئاوا و باکووری سوریا وتی" ئەم هێرشەکە هەر لە خۆیەوە دەستیپێنەکرد. پیلانگێڕیەکە زۆر فراوانترە. ئەم پیلانگێڕیە نوێیە لەگەڵ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ دەکاتە ئامانج هەروەها لەدژی دەستکەوتەکانی هەموو گەلی کوردە".
نۆی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشیانکردە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی ئاوارەبون و دەیان هاوڵاتی سڤیلش شەهیدبون و سەدانی دیکەش برینداربون کە برینی هەندێکیان سەختە و بەهۆی چەکی فسفۆڕی قەدەغەکراوەوە برینداربون.