ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند" پەسەندکردنى پڕۆژەیاسى چاکسازى لە ئەنجومەنى وەزیران دەستکەوتى هەموو لایەنەکانە".
قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاكسازی هاتەدەنگ و دەڵێت" ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاسای چاكسازی لەموچە و خانەنشینی و دەرماڵەی پەسەند كرد. بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لەم كابینەیەشدا وەک چۆن لە کارنامەكەیدا بەڵێن درابوو، بەگیانێكی بەرپرسانەو پڕ لەتەبایی و لە سایەی كاری پێكەوەیی ناو ئەنجومەنی وەزیران دەوڵەمەند كرا و دەنگی لەسەر درا".
قوباد تاڵەبانی وتیشی" سەرۆکی حکومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەکانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری حکومەت و سکرتێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەلیان کرد تا پرۆژەکەمان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕاند. بۆیە ناكرێت بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو بەتەنها و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە: بەهیواین هەمان گیانی تەبایی ناو ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پرۆژەكەوە لە پەرلەمانیشدا رەنگبداتەوە بۆ ئەوەی لەنزیكترین دەرفەتی گونجاودا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی دەربچوێنرێت.