عەبدولستار مەجید: پرۆژەی چاكسازی ناتەواوە

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌خنه‌ و تێبینییه‌كانی له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای چاكسازییه‌وه‌ بۆ ڕایگشتی خسته‌ڕوو. هاوکات سه‌رۆكی فراكسۆنی كۆمه‌ڵ له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایگەیاند" پڕۆژەی یاساى چاكسازی  پرۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌، چونكه‌ باسی سێكته‌ره‌گرنگانی نه‌كردووه‌، وه‌ك نه‌وت و گومرگ و خاڵه‌ سنورییه‌كان".

 

عه‌بدولستار مه‌جید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی" پرۆژەی چاكسازی پڕۆژەیەكی ناتەواوە، باسی كەرتە گرنگەكانی نەوت و غاز و گومرك و خاڵە سنوورییەكان و داهاتی نەكردووە، تەنها باسی خەرجیكردووە، پرۆژەی گشتی چاكسازی دەبێت باسی داهاتیشی تێدا بێت".

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد" به‌ناحه‌قی ده‌زانین، كه‌ باسی كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی نه‌كراوه‌، ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشین ٤٠٠ هه‌زاردیناربێت، پرۆژه‌كه‌ باسی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌كردووه‌، ئێمه‌ پرۆژه‌مان هه‌یه‌ و داوامان كردووه‌، مووچه‌ی فه‌ره‌مابه‌ران بدرێته‌وه‌".

 

دەشڵێت" ئەنجومەنی وەزیران دەرماڵەكان ڕێكدەخاتەوە بەپێی پرۆژەكە، ئەوەش مەترسیدارە بەبێ یاسا دەست بۆ دەرماڵەكان ببرێت، دەبێت دەرماڵەكان بە یاسا ڕێبكخرێن، نابێت حكومەت بە ویستی خۆی دەستكاری بكات".

 

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ جەختیشیکردەوە: له‌هه‌رێمی كوردستان ٦٢ هه‌زار دوو موچه‌یی هه‌یه‌ و له‌ پرۆژه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌، پێویسته‌ موچه‌ی پله‌ تایبه‌ته‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌ وه‌ك، دادوه‌ران و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری.

 

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازی كرد بە دەنگی ٨٨ پەرلەمانتار سیفەتی بەپەلەی پێدرا تا بەر لە هاتنی پشووی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام پڕۆژەكە لەلایەن چەند فراكسیۆنێكەوە رەخنەی لێگیرا.

 
 

 

 
 



PM:03:39:16/12/2019