مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە چوار كەسیان بەتۆمەتی فێڵكردن لەژمارەیەك شۆفێری تەكسی دەستگیر كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند" پاش ئەوەی گروپێكی ساختەكار كەلوپەلی شكاو و فڕێدراویان خستبووە ناو كارتۆنەوەو لەشێوەی پۆستدا لەڕێی ژمارەیەك شۆفێری تاكسییەوە ڕەوانەی شارەكانی (كەلار، هەولێر، ڕانیە)یان كردبو، لەبەرامبەردا بڕی ٧٠٠ هەزار بۆ یەك ملیۆن دیناریان لەشۆفێرەكان وەرگرتووە، بەپاساوی ئەوەی ئەو كەسەی كاڵاكەی بۆ دەبەن پارەكەیان دەداتەوە، بەڵام لەبنەڕەتدا تۆمەتبارەكان گروپێك بونو پێكەوە كاریان كردووەو هیچ بڕە پارەیەكیان نەداوەتەوە بەشۆفێرەكان".
پۆلیسی سلێمانی وتیشی" پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن شۆفێرەكانو دوای چاودێریكردنو كۆكردنەوەی زانیاری ورد لەسەر تۆمەتباران، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە توانیان ئەندامانی گروپەکە دەستگیر بكەن كە لەچوار كەس پێكهاتبون بەناوەكانی (م . ا. گ)، (ف . ش. ر)، (ع .ح . ع)، (ك ، م ،م)، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی بەندن".
ئاماژەی بەوەشکرد" تۆمەتبار (م . ا. گ) لەبنكەكانی پۆلیسی (دوكان، حاجیاوا، چواچرا)و بەشی نەهێشتنی تاوانی كەلار فەرمانی دەستگرتنی هەیە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لەیاسای سزادان".