نرخی ئەمپێری كارەبای‌ مۆلیدە ئەهلیەكان دیاریكرا

نرخی سه‌عاتێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ١٢بە سی و نۆهەزار دینارو بیست وشه‌ش فلس دیاریكرا و خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدەكانیش لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی یه‌ك گۆڕانگاری تێدا كرا.

 

بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، ئەمڕۆ شەممە به‌سه‌رپه‌رشتی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ولە دیوانی قائیمقامیەت لەگەڵ لیژنه‌ی دیاری كردنی نرخ و به‌رنامه‌ی موه‌لیده‌ كه‌ له‌ نوێنه‌رانى  بەڕێوەبەرایەتی گشتى كاره‌با و كۆنترڵى كاره‌باى سلێمانى، ئاسایشی ئابووری، چاودێری بازرگانی و نوێنه‌رى لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت پێكهاتووه‌، كۆبووه‌ .

 

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند" به‌گوێرى نرخی گازۆیل له‌ بازاڕه‌كان، نرخى كاتژمێرێك ئەمپێری كاره‌بای مۆلیدەی ئەهلی لە سنوری سلێمانی بۆ مانگی (١٢) بە سی ونۆ دینار و بیست وشه‌ش فلس دیاریكرا، بەتێكڕایی مۆلیده‌كانیش لەنێوان (٢٦٠) بۆ (٣٢٠) كاتژمێر كاریان كردووە".

 

ئاوات محەمەد وتیشی" به‌لێكدانى ژماره‌ی كاتژمێری كاركردنى موه‌لیده‌كان له‌گه‌ڵ نرخى یه‌ك كاتژمێر ئه‌مپێر، نرخى ئه‌مپێر بۆ مانگێك ده‌رده‌چێت، به‌مه‌ش نرخى ئه‌مپێرێك له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكى ترجیاوازه‌".

 

قائیمقامی سلێمانی ڕاشیگەیاند" لەبارەی خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی یەک كاتژمێر (٦:٣٠) بۆ (٨)ی بەیانی و لە كاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ بۆ یەکی شەو  كاردەكەن، لە رۆژانی هەینشدا  بەیانیان موه‌لیده‌كان كاره‌با ناده‌ن و لە بەرامبەردا لە كاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆوە كاره‌با بۆهاوڵاتیان دابین ده‌كه‌ن".

 

 له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرایه‌وه‌، لەكاتی بڕینی كارەبای نیشتیمانیدا پێویسته‌ مۆلیدە ئەهلییەكان لە ماوەی (١٠) خولەكدا كاریان پێ بكرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.




AM:11:27:04/01/2020