كۆبانێ: كورد ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکرات رایگەیاند" کورد ئامادەی گفتوگۆیە ئەگەر ئەنقەرە راستگۆبێت لەگەڵیاندا".

 

لەچاوپێكەوتنێكدا كە رۆژنامەنوس ئەمبەرین زەمان، بۆ رۆژنامەی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی لەگەڵی ئەنجامیداوە، مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات وتی" هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان زیانێكی گەورەی لە گەلی ئێمە داوە، توركیا بەشێكی سوریای داگیركرد، گروپە تیرۆریستیەكانی لە دژی گەلی ئێمە هێنایە ناوچەكە".

 

کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو هێرشانەی توركیا كاردانەوە و ناڕەزایی گەورەی لێكەوتەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری گەلی كوردی سوریای كرد، لەناو كۆنگرێسی ئەمریكای پشتیوانی ئێمە كرا. دەبێت توركیا راستگۆ بێت، ئێمە ئامادەین گفتوگۆین".

 

دەشڵێت" لەئێستادا هەمو پارتە سیاسییەكانی كورد لە سوریا لە هەوڵی ئەوەداین نوێنەرایەتیان لەناو هەسەدە هەبێت، هیوادارین لەگەڵ ئەنەكەسە بگەینە رێكەوتن، هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە و لە داهاتودا ئەنجامەكانی دەردەكەوێت".

 

 

 



AM:09:54:24/01/2020