كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كە ئەو كارتی دەنگدانانەی خاوەنەكانیان وەریان نەگرتۆتەوە كۆمسیۆن لەشوێنێكی باشدا دەیپارێزێت تا لەپاش هەڵبژاردن بدرێت بەخاوەنەكانیان.
وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵا سەفا موسەوی بەمیدیاكانی راگەیاند " كۆمسیۆن كاتی تەواوی دا بە هاوڵاتیان تا كارتەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر وەریان نەگرتۆتەوەو لەشوێنێكی قایمدا دەیپارێزین".
موسەوی وتی " 18 ملیۆنو 300 هەزار كارتی ئەلكترۆنیمان دابەشكردووە لە كۆی 21 ملیۆن دەنگدەر، ئەو كارتانەی ماوەنەتەوە ئەوانەن مردوون، كە كۆمسیۆن سڕیویەتەوە، یان كارتی ئەو كەسانەن كە وەریان نەگرتووە".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن باسی لەوە كرد كۆمسیۆن هەموو ئەو كارتە دووبارەكانی پووچەڵ كردۆتەوە.
سپی میدیا بەیانی ئەمرۆ هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە نزیكەی 150 هەزار كارت كە خاوەنەكانیان وەریان نەگرتبوو لە شەوی رابردوەوە لە فرۆكەخانەی سلێمانی بەهۆی نەبوونی فرۆكەوە تا ببرێتەوە بۆ بەغدا، مابوەوە، بەڵام بەیانی ئەمرۆ بەئاگاداری نوێنەری لایەنەكان كۆمسیۆن ناردیەوە بەغدای پایتەخت.