بەپەلە.. دوو بكوژی سەرەكیی پاسەوانەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەستگیر كران
محەمەد عەزیز عومەر
رائید كاروان شێخ عەبدولكەریم وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: پێرێ شەو كاتژمێر 12، هێزەكانی پۆلیس لە رووداوێكی كوشتن لە بەردەم مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، ئاگادار كرانەوە.
ڕوونیشی كردەوە: دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوت كە پاسەوانێكی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بە ناوی (محەمەد عەزیز عومەر) لەدایكبووی ساڵی 1977، بە گوللـەی دەمانچە كوژرابوو، تەرمەكەشی رەوانەی نەخۆشخانەی رزگاری كرا.
كاروان شێخ عەبدولكەریم هەروەها ئاماژەی دا: تۆمەتبارەكان ئۆتۆمبێلەكەیان لە شوێنی رووداوەكە لێ بەجێ مابوو، كە ژمارەكەی دهۆكە و لە جۆری مارسدیس رەنگی رەشە، بۆیە دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردەوە، توانی ناو و شوێنی ئەنجامدەرانی تاوانەكە بزانێت، كە ناویان (ئ، ئ) و (س. ئ) و (ق. ئ)ە.
وتەبێژەكەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو، دوای ئەوەی لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتن بۆ ئەو سێ تۆمەتبارە دەرچوو، دەستبەجێ هێزێكی زۆری پۆلیس چوونە سەر ماڵەكانیان و دوو لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی بكوژی ئەو پاسەوانەی كۆمەڵی ئیسلامی، دەستگیر كران.
PM:03:24:02/05/2014