پارێزگاری هەولێر بڕیاری رێگەپێدانی دوای ١٢ی شەوی بۆ هاتووچۆ هەڵوەشاندەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا جەخت لەسەر سزادانی ئەو كەسانە دەكاتەوە، كە ئێوارەی ٢٠ لەسەر ٢ی ئەم مانگە سەرپێچی رێنماییەكانیان كرد و لە كاتی كردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر، ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە ژمارەی رێگەپێدراو لە دەوری ئاگرەكە كۆببوونەوە، كە پێشتر بڕیار درابوو، ئاگرەكە تەنیا وەك سیمبوڵێك دەكرێتەوە و نابێت لە ٨ كەس زیاتر لەو كارەدا بەشدار بن.

 

دەقی راگەیەندراوەكەی پارێزگای هەولێر:

1- دوێنێ 20/3/2020 بڕیار وابوو بە ئامادەبوونی تەنها (8) هەشت كەس، بەشێوەیەكی سمبولیك، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی چەند كەس و لایەنێك، جگە لە ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاند، خەڵكێكی دیكەش لەوێ ئامادەبوون، ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر لێكۆڵینەوەی لەو هەڵەیەی ڕوویدا كرد و لەئەنجامیشدا چەند كەسێك سزا دران.

2- بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاكان، بۆ كارئاسانی هاووڵاتییان و دابینكردنی هەندێك پێداویستی زەروری كاتژمێر (12)ی شەو تاوەكو (5)ی بەرەبەیان دیاری كرابوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە سنوورداری هاتووچۆ بكەن، بەڵام دیارە ئەمە لەلایەن خەڵكانێك بۆ گەشت و سەیران قۆستراوەیەوە و شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك خەڵك لە هەولێر چوونەدەر، بۆیە بڕیارماندا لە ئەمڕۆ بەدواوە دەرفەت بە هیچ كەس نەدرێت لە دوای كاتژمێر(12)ی شەو هاتووچۆ بكات، چ ئەوانەی لە هەولێر دەردەچن، یان ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و غەرامە دەكرێن و سزا دەدرێن. بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەین پابەندبن.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر





PM:06:46:21/03/2020