لە ڕاگەیەندراوێکدا پسپۆڕانی خۆپاراستنی تەندروستی ئاماژەیان بەوەکردووە" رێگەمان پێبدەن وەک شارەزاترین کەس لە بوارەکە کە پسپۆڕیمان خۆپارێزییە، بێنە سەر هێڵ و هاوکاربن لەگەڵمان بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن بکەین لە بواری هۆشیاری تەندروستی، خۆپارێز و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەکان".
دەقی بەیاننامەکە:
بەڕێزان..
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە
بەڕێوەبەرە گشتییە بەڕێزەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین و هەڵەبجە
ئێمە وەک پسپۆڕانی خۆپاراستن لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلیمانی، دهۆک، هەڵەبجە و راپەڕین) کە ژمارەمان زیاتر لە 250 دەرچووی تەندروستی کۆمەڵگەیە، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتی و هەستیاری دۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەم کاتەدا کە هەموو جیهان تووشی بەڵایەکی گەورەی دژی تەندروستی بووەتەوە کە کۆرۆنایە و باشترین چەکی دژی ڤایرۆسەکە خۆپارێزییە، دەمانەوێت بێینە نێو کایەی خزمەتکردن بە هاونیشتمانییانی خۆمان و بەشداربین لەم جەنگەی دژی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە.
داواکارین لە بەڕێزتان رێگەمان پێبدەن وەک شارەزاترین کەس لە بوارەکە کە پسپۆڕیمان خۆپارێزییە، بێنە سەر هێڵ و هاوکاربن لەگەڵمان بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن بکەین لە بواری هۆشیاری تەندروستی، خۆپارێز و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەکان.
ئێمە ماوای ٤ ساڵە دەرچووین لە کۆلێژ، بەڵام هیچ گرنگی بە تواناکانمان نەدراوە و دانەمەزراوین، داواکارین لەم دۆخەی ئێستادا ئێمە وەک دەرچووانی خۆپارێزی بهێنە نێو جەنگەکە، دابمەزرێندرێین و رۆڵمان پێبدرێت لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ئەوەی پێکەوە بە سەرکەوتووانە و بە کەمترین زیانی گیانی ئەم دۆخە تێبپەڕێنین.
250 پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی