ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو مادە زەردەی لە قەرەداغ بینرا بڵاوکردەوە

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو جۆرە دەرمانێكی زەرد بەسەر قەزای قەرەداغ و شارەزوور رشێنرابوو، هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠ ئاسایشی سلێمانی لەبارەى ئەو ماددە زەردە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی لەڕۆژی 26-3-2020ەوە چەند رۆژێكی دواتر لەزۆربەی ناوچەكانی شارۆچكەی قەرەداغ  و شاخ و پێدەشتەكانی ئەو سنورە، چەندین پەڵەی (زەرد) بینرا، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی  نمونەیان وەرگرت و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیان كرد بەمەبەستی دیاریكردنی جۆرو بڕو زیانەكانی ئەو ماددەیە".

دەشڵێت" دوای ناردنی نمونەكان و پشكنینی ماددەكە لەلایەن تاقیگەی رەزگە لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەڕۆژی 28-3-2020 وەڵامیان داینەوەو پێیان راگەیاندنین كە ئەنجامی پشكنینەكان بۆ ئەو مادەیە بریتیە لە لەچەند پێكهاتەیەكی  كیمیایی كەلەژینگەدا هەیە كەبریتین لە  (دوانە ئۆكسیدی سلیكۆن SIO2  بەڕێژەی 36.595%ەوە ئۆكسیدی كالیسیۆم بەڕێژەی 899 .31% )، كە هەردوو مادەكە ژەهراوی نیین  و لەسروشتدا هەیە، لەئەنجامی  پاشماوەی هەڵكەندنی بیرە نەوت و  پاشماوەی كارگەكان دەر دەكەوێت و كارلێكدەكات و تێكەڵا بەهەور دەبێـت و لەكاتی بارانباریندا  بەشێوەی پەلەی زەرد  دەردەكەوێـت و مەترسی بۆسەر مرۆڤ نییە".

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە راگەیاندنەکاندا ئەوە بڵاوكرایەوە كە ماددەیەكی زەرد لە چەند ناوچەیەكی قەرەداغ بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەشكرابوو، كە پێدەچێت لە فڕۆكەوە مادەكە خرابێتەخوارەوە.

 



PM:06:35:29/03/2020