بەنێوەنگیری چەند كادیرێكی كۆنی یەكێتی كە لەلای هەریەك لەگۆڕانو یەكێتی قورسایی خۆیان هەیە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو لایەنە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕواتو كار بۆ ئەوە دەكرێت كە كۆبوونەوەی هەردوولا ئەنجام بدرێت.
سەرباری ئەو بارگرژییەی لەچەند رۆژ پاش هەڵبژاردن لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕان هاتە ئاراوە، ئێستا بارودۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەڕواتو هەر دوولا بڕیاریان داوە هەڵمەتی ڕاگەیاندن بەرەو هێوربوونەوە بەرنو كار بكرێت بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەگەرێكی زۆر لە ئارادایە كە نەوشیروان مستەفاو بەرپرسانی یەكێتی كۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی یەكێك لەو كێشانەی كە چارەسەركردنی زەحمەت دەبێت، مەسەلەی پارێزگاری سلێمانییە، هەرچی گۆڕانە تا ئێستا سوورە لەسەر ئەوەی كە هەڤاڵ ئەبوبەكر بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكرێتە پارێزگار، هەرچی كوتلەیەكی ناو یەكێتییە، سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەوان پارێزگار نادەن بە" هەڤاڵ ئەبوبەكر"، سەرچاوەكەی سپی ئەمە بەیەكێك لەو كێشە قورسانە دەزانێت كە لە كۆبوونەوەی نێوان سەركردەكانی ئەو دوو لایەنەدا زەق دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا مەسەلەی كۆبوونەوەی نەوشیروان لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتیش بۆ خۆی كێشەیەكی ترە بۆ گۆڕان، ئایا رێكخەری گشتی گۆڕان لەگەڵ هەر سێ بەرپرس (كۆسرەتو بەرهەمو هێرۆ) دادەنیشێت، یان هەر تەنها لەگەڵ هیرۆ ئیبراهیمدا، لەكاتێكدا كە نەوشیروان مستەفا ئەزموونی ئەوەی هەیە كە پێشتر لەگەڵ كۆسرەتو بەرهەم ساڵح دانیشتبوو كە هیچی لێ سەوزنەبوو.
بەپێی زانیارییەكانی سپی، پێش 17 ی نیسان رێكەوتنی نێوان گۆڕانو پارتی چەند جارێك هەوڵدراوە كە گۆڕانو یەكێتی لە ئاستی لوتكەدا كۆببنەوە، لەمانگی ئازاردا چەند جارێك یەكێتی هەوڵی دا بەتایبەتی هیرۆ ئیبراهیم لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كۆبێتەوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا بە پێویستی دەزانی كە لەگەڵ هەر سێكیان كۆبێتەوە، " بۆئەوەی وا لێكنەدرێتەوە كە پشتگیری باڵێكیانە دژی باڵەكەی تریان دەكات"، بەپێی زانیارییەكانی سپی لەبەر ئەم هۆیە ئەو كۆبوونەوەیە نەبەسترا.
دواتر پێش رێككەوتنی نێوان پارتیو گۆڕان بەهەفتەیەك یەكێتی هەوڵیاندا كە هەر سچی بەرپرسەكە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كۆببنەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا لەو دەمەدا نەوشیروان مستەفا ئامادەنەبوو كۆببێتەوە" چونكە نەیدەویست لەو كاتەدا وا لێكبدرێتەوە كە ئەو كۆبوونەوەیە دژی پارتیە".
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كۆبوونەوەی ئەمجارەی گۆڕانو یەكێتی، ئەگەر سازبكرێت ئەوا بەدوو نابێت لەچاوی كامێراكانو وەك كۆبوونەوەكانی پێشوو نابن.