ڤیدیۆ.. کوردێک خۆی دەكات بە پێغەمبەرو دەیەوێت فڕۆکەیەک بخاتە خوارەوە

کوردێکی دانیشتووی ئەڵمانیا لەناو فرۆکەیەک ھاوار دەکات و دەڵێ من پێغەمبەرم‌و بە نیازە فرۆكەیەك بخاتەخوارەوە بەسەر جولەكەكاندا.

لەتەفزیۆنی ئەلجەدیدی لوبنانی بڵاوی کردەوە کە رۆژی ھەینی رابردوو، لەنێو گەشتێکی فرۆکەی (میدل ئێست)ی لوبنانی، کە لە فرانکفۆرد ئەڵمانیا بەرەو بەیروت پایتەختی لوبنان رۆشتووە، گەنجێکی کوردی تێدادەبێت کە پاسپۆرتی ئەڵمانی پێیە، دوای جوڵەکردنی فرۆکەکە بە 15 خولەک، ھەڵدەستێ و دەست دەکات بە قسەکردن و ھاوار، لەنێو قسەکانیدا دەڵێ ‌من پێغەمبەرم، ئێوە جولەکەن، ئێوە دونیاتان تێکداوە ھاتووم بۆ رزگارکردنی جیھان لەدەستان‌، ھەروەھا دەڵێ ‌ئێستە ئەم فرۆکەیە دەشکێنم و دەیخەمە خوارەوە‌. ئیتر بەم شێوەیە دەگاتە لوتکەی توڕەبوون و سەرنشینەکانی فڕۆکەکە بەتەواوی دەترسێنێ.

لەدەستپێکی ئەم بەزمەیدا، گەنجەکوردەکە لەپێشا ھەڵدەستێ و ئەو سەرنشینەی تەنیشتی دەکوتێ، ئینجا دادەنیشێتەوە و دیسان ھەڵدەستێ و ئەمجارە بە شکاندنی ئەوەی دەکەوێتە بەردەستی، دەستپێدەکات، شاشەیەکی تیڤی فرۆکەکە و چەند جانتایەک ورد دەکات، دوای ئەوەی دەڵی من پێغەمبەرم و دەتانکەمە خوارەوە، ئینجا دەڵێ ھاتووم لەلوبنان تەقینەوە بکەم، ھەڵبەت ئەم قسانە زۆر لە کاری تیرۆریستی دەچێ، بەڵام سەرنشێکی تەنیشتی ھاوار دەکات و دەڵێ ‌ئەوە کوڕمە و جنۆکەی تێدایە، ھێناومە بۆ لوبنان بۆ چارەسەر‌ بەڵام لەبەر ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەردەچێ و لە ژنێکی نێو فڕۆکەکەش دەدا، سەرنشینانی فڕۆکەکە ھێرشی دەکەنە سەر و دەیدەن بەعەرزا، خۆشبەختی لەناو فڕۆکەکە پزیشکێکی تێدا دەبێت و دەرزیەکی ھێورکەرەوەی بۆ دەگرێتەوە و لێی دەدا.

یەکێ لە سەرنشینەکان دەیگێڕێتەوە، دەڵێ دەسڕێکی سەوزی لە گیرفاندا بووە، بۆنێکی خۆشی لێھاتووە، دەریھێناوە و گوتویەتی ئەوە کەچووم بۆ بەھەشت بۆ ئادەم و حەوای دەبەم.

سەرچاوە: باس نیوز







PM:02:21:08/05/2014