بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئەنجامی تیروپشكی یەكەكانی نیشتەجێبوون رەوانەی وردبینی كردن دەكاتو بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانیش دەڵێت "ماوەی 15 رۆژ وەك مۆڵەت دیاریكراوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە تێبینیان هەیە لەسەر جۆری دابەشكردنی یەكەكان".
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی مەحمود عوسمان رایدەگەیەنێت، بڕیارە سبەینێ یەك شەممە 11/5/2014 ئەنجامی تیروپشكی یەكەكانی نیشتەجێبوون رەوانەی شەش فەرمانگە بكرێت بەمەبەستی وردبینی كردن.
لەلێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی PUKmedia مەحمود عوسمان ئەوەشی خستووەتەڕوو كە سبەینێ فایلی 3 هەزارو 620 یەكەی نیشتەجێ بوون بەمەبەستی وردبینیكردن رەوانەی شەش فەرمانگەی شاری سلێمانی دەكرێتو پاش وردبینی كردنیانیشیان بەپێی خاڵبەندی دابەشدەكرێت بەسەر ئەو هاووڵاتیانەدا كەپێشتر فۆڕمی یەكەی نیشتەجێبوونیان پڕكردۆتەوە.
لەشاری سلێمانی زیاتر لە 27 هەزار هاووڵاتی فۆڕمی یەكەی نیشتەجێبوونیان پڕكردۆتەوەو لە ئێستاشدا 3 هەزارو 620 كەس تیروپشكیان بۆ كراوە، یەكەكانیش بریتین لە یەكەكانی سیتەكو تاسڵوجەو چەند شوێنێكی تر.