كادیرانی یەكێتی داوای بەشداریكردنی حیزبەكەیان لەحكومەتدا دەكەن

بەپێی ئەنجامەكانی ئەو راپرسیەی كە لەهەفتەی رابردووەوە لەنێو ئەندامانی‌ مەڵبەندو مەكتەبەكان‌و كۆمیتەكانی‌ یەكێتی‌ دەستی‌ پێكردووە، زۆرینەی‌ بەشدارانی‌ راپرسییەكە، بەشداریكردنی‌ حیزبەكەیان لەكابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم بە باش دەزانن.
ئەو راپرسییە ناوخۆییەی یەكێتی‌ كە تایبەت بوو بە بەشداریكردنی‌ ئەو حیزبە لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و مامەڵەكردنی‌ بۆ هاوپەیمانێتی‌ پارێزگاكان‌و رازی‌ بوون بەو بەشەی‌ یەكێتی‌ كە لەحكومەتدا وەریدەگرێت، ئەمڕۆ كۆتایی‌ هات‌و بڕیارە سبەینێش ئەنجامەكەی رەوانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكرێت.
بەپێی راپرسیەكە كە ماڵپەڕی خەندان لەسەرچاوەیەكی تایبەت بەخۆیەوە بڵاویكردۆتەوە، سێ‌ پرسیار لە ئەندامانی‌ مەكتەب‌و كۆمیتەكان‌و مەڵبەندەكان كراوە.
بۆ پرسیاری‌ بەشداریكردنی‌ یەكێتی‌ لە كابینەی نوێی حكومەت، وەڵامی‌ زۆرینە ئەرێنی‌ بووە، بەڵام بۆ پرسیاری‌ ئەو پاكێجەی‌ كە بڵاوكراوەتەوە بۆ پشكی‌ یەكێتی،‌ نەرێنی‌ بووە.
هەروەها لەبارەی ئەو پرسیارەی‌ "ئایا یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هاوپەیمانی‌ لەگەڵ كام لایەن بكات بۆ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان"، هێشتا بەتەواوی‌ دەرنەكەوتووە.




PM:12:06:10/05/2014