وه‌زاره‌تی كاره‌با دڵنیایی ده‌داته‌ هاووڵاتییان

وەزارەتی كارەبای هه‌رێم ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" كه‌ زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەر بەشێوەی نۆرە و ئیشكگری 24 كاتژمێر لە 229 وێستگە و 155فەرمانگەی چاككردنەوەی كارەبا لە خزمەتی هاوڵاتیاندان". 

وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌" دوای راگەیاندنی پشوەكان و قەدەغەكردنی هاتوچۆ زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەرانی كارەبا بەشێوەی نۆرە و 24 كاتژمێری بەردەوام كاری ئیشكگری ئەنجام دەدەن، بۆ ئیشپێكردنی 229 وێستگەو 158 فەرمانگەی چاككردنەوەی كارەبا لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان".

هه‌روه‌ها روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگای هەولێر زیاتر له‌ 2600 کارمه‌ندی كاره‌با به‌شێوه‌ی نۆره‌ كاری ئێشكگری ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ ئیشپێكردنی 91 وێستگه‌ و 53 فه‌رمانگه‌ی چاككردنه‌وه‌ی كاره‌با و كۆنتڕۆلی كاره‌با. 

له‌راگه‌یه‌نڕاوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای پارێزگای سلێمانی كە سنوری پارێزگای هەڵەبجەش لەخۆدەگرێت زیاتر لە 2500 فەرمانبەر بەشێوەی ئیشكگر دەوام دەكەن بۆ ئیشپێكردنی 63 وێستگەی دابەشكردنی كارەبا و 48 فەرمانگەی چاككردنەوەی كارەبا، هەروەها له‌ وێستگه‌ى كه‌هرۆئاوى دوكان 63 فەرمانبەر و له‌ وێستگه‌ى كه‌هرۆ ئاوى ده‌ربه‌ندیخانیش 65 فەرمانبەر ده‌وام ده‌كه‌ن. 

سه‌باره‌ت به‌ پارێزگای دهۆك، وەزارەتی كارەبا باسی له‌وه‌كردووه‌، كه‌ لە پارێزگای دهۆك 1560 فەرمانبەر بەشێوەی نۆرە كاری ئیشكگری ئەنجام دەدەن لە ئیشپێكردنی 63 وێستگەی دابەشكردنی كارەبا و 45 فەرمانگەی چاككردنەوەی كارەبا و كۆنتڕۆڵی كارەبا. 

له‌كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، ئاماژه‌ی به‌ سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای گەرمیان كردووه‌، كه‌ زیاتر لە 400 فەرمانبەر بەشێوەی ئیشكگری بەنۆرە لە 12 وێستگەی دابەشكردن و 12 بنكەی چاككردنەوە و كۆنتڕۆڵ بەردەوامن لەخزمەتی هاوڵاتیاندان.


PM:05:02:04/04/2020