ئەمڕۆ یەكشەممە هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە پیرمام كۆدەبنەوەو پێشبینش دەكرێت پارتی بە داواكاریەكانی یەكێتی رازیبێت.
وەك لە میدیاكانیشدا بڵاوكراوەتەوە یەكێك لەداواكاریەكانی یەكێتی، دروستكردنی وەزارەتێكی نوێیە بەناوی وەزارەتی ئاسایشی هەرێمو بسپێردرێت بە ئەوان، بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا، پارتی رەزامەندی لەسەر ئەو داوایەی یەكێتی پیشاندەدان "بەڵام پێویستە ئەو پرسە ببرێتە پەرلەمانو یاسای بۆدەربكرێت".
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئەو دوو هێزە سیاسیە لەكاتێكدایە كە دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەهەولێر كۆبووەوە سەبارەت بە مەرجەكانی یەكێتی بۆ بەشداری لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەفعەت عەبدوڵڵا رایگەیاند، داوامانكردووە لە ئەگەری بەشداریكردنمان لە كابینەی نوێی حكومەت، گۆڕانكاری لەو وەزارەتانەدا بكرێت كە بۆمان دەستنیشانكراوە، بەڵام تائێستا پارتی وەڵامی نەداوینەتەوە.