"كردنی دەزگای ئاسایش بە وەزارەت ئاشكرابوو پێشنیاری كێیە"

‌نێچیرڤان و مەسرور
ماوەی سێ‌ رۆژە بژارێكی تر هاتۆتە نێو گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا، ئەویش پرسی كردنی دەزگای ئاسایشە بە وەزارەتی ئاسایش، سپی زانیویەتی ئەو پێشنیارە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە خراوەتە ڕوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا كەوتووە پێشنیاری كردنی  دەزگای ئاسایش بەوەزارەتێكی حكومەتی هەرێم، پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بووە.
دەزگای ئاسایش كە ئێستا بەشێكە لەدەزگای ئاسایشی نەتەوەیی‌و راوێژكارەكەی مەسرور بارزانییەو سەر بەسەرۆكایەتی هەرێمە، ئەگەر بكرێت بەوەزارەت ئەوا دەچێتە سەر حكومەتی هەرێم دەچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانییەوە.
لەكابینەی شەشەمدا سەردەمی پێكهێنانی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی‌و ناكۆكی لەنێوان هەردوو باڵی ناو پارتی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لە ئارادابوو لەسەر بەپرسیارێتی ئەو دەزگایە، ئایا بەند بێت بەحكومەتەوە‌و سەرۆكی حكومەت لێی بەرپرس بێت، یان بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە‌و مسعود بارزانی لێی بەرپرس بێت، ئەو دەمە ململانێكە بەقازانجی مەسرور شكایەوە‌و ئەو دەزگا نوێییەی كە پێكهاتبوو لە ( هەردوو ئاسایش ‌و پاراستن‌و زانیاری‌و دژە تیرۆری هەردوو ) خرانە سەر سەرۆكایەتی هەرێم بەناوی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە.
ئێستا ئاسایش ‌و دەزگاكانی پاراستن‌و زانیاری‌و دژە تیرۆر كە سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمن، تەنها سەرۆكی هەرێم لێیان بەرپرسە‌و بەراستەوخۆش پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت چاودێری ئەم دەزگایانە بكات‌و لێیان بپرسێتەوە، ئەگەر بكرایە بەوەزارەت‌و بخرایەتە ژێر ركێفی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، ئەو دەمە دەكەوتە بەردەم لێپرسینەوە‌و چاودێریكردنی راستەوخۆی پەرلەمانەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی ئەمرۆ بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە جێگری سكرتێری گشتی‌و دەستەی كارگێڕی‌و وەفدی دانوستانكار، ئەو پێشنیارەی رەتكردۆتەوە.
باس نیوز ماڵپەری نزیك مەسرور بارزانیش لەمیانەی هەواڵەكانی ئەمرۆیدا بڵاویكردەوە كە پێشنیاری كردنی ئاسایش بەوەزارەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە پێشنیار كراوە.  

      




PM:07:19:11/05/2014