بەپەلە.. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە

بڕیار وایە كەمێكی تر‌و لەكاتژمێری 4ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بە بەشدارییان لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كۆببیتەوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند ئەمرۆ سەركردایەتی یەكێتی دوو تەوەری سەرەكی تاوتوێ دەكات‌و بڕیاری لەسەر دەدات، یەكەم: بەشداری یەكێتی نیشتمانی لە كابینەی هەشتەمی حكومەت‌و دووەم: دیاریكردنی كەسێك بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی داهاتوو.

سەرچاوەكەی سپی میدیا سەبارەت بەو هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی كۆسرەت رەسوڵ وتی: ئەگەری هەیە كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بكشێتەوە، بەڵام لەپۆستەكەی خۆی لە یەكێتی دا دەمێنێتەوە.
سەرچاوەكە وتیشی تا ئێستاش ئاشكرا نیە كێ بە جێگەی كۆسرەت رەسوڵ دەستنیشان دەكرێت.

بە پێی زانیارییەكانی سپی میدیا، بڕیارە هەر ئەمرۆ پارتی وەڵامی خۆی سەبارەت بە پێشنیاری یەكێتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بداتەوە. پێشتر یەكێتی نیشتمانی پێشنیاری ئەوەی بە پارتی دیموكرات كردبوو كە وەزارەتی ناوخۆ بەوشێوەیە بەڕێوە ببرێت كە دوو ساڵ بۆ یەكێتی بێت‌و دوو ساڵ بۆ پارتی.




PM:03:43:12/05/2014