دیندار زێباری: مسته‌فا سه‌لیمی نه‌هاتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان‌

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە كە مستەفا سەلیمی هاتبێتە هەرێمی كوردستان و ڕادەستی ئێران كرابێتەوە دەڵێت" بەدواداچونی جدی كراوە لەبارەی ئەو دۆسیەیە".

 

دیندار زێباری، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كەیسی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی، بە وڵاتی ئێران رونكردنەوەیدا و رایگەیاند" ئەو بەڕەگەز هاوڵاتی ئێرانە، لەزیندانی سەقز هەڵاتووە، لەسەر ئەو بابەتە چەند تۆمەتێك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرابوو، وەڵامی ئێمە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر ڕوون و ئاشكرابوو، دەزگا ڕەسمییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو  دەزگایانەی كە ئێمە پشتیان پێدەبەستین، ئاسایشی گشتی و ئاسایشی سلێمانی بووە".

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان رونیكردەوە: بەپێی بەدواداچوونی ئاسایشی سلێمانی و بەیاننامەی ئاسایشی سلێمانی و هەروەها بە دواداچوونی خۆیشم دەركەوتووە ناوی مستەفا سەلیمی لە هیچ یەك لە خاڵەكانی پشكنین تۆمار نەكراوە و داواكارییەكیش نەبووە بۆ گرتنی ناوبراو و لە هیچ لێكۆڵینەوەیەك كە بە دواداچوونی بۆ كراوە ناوی نەبووە لە شوێنی حیجزكردن یان گرتن نەبووە.

زێباری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی" حكومەت ناتوانێت لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەنگاوی جدی بنێت، هەنگاوی جدی بۆ ڕای گشتی هەیە، بەڵام بۆ كاری كارگێڕی و كاری ئەمنی و وەڵامی نێودەوڵەتی ئێمە دەبێت پشت بە بەشی فەرمی پرۆسەكە بگرین".

 

ئه‌مەش لە کاتێکدایە، كه‌ له‌هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندن وا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ مسته‌فا سه‌لیمی زیندانی هه‌ڵاتووی شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هاتووته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌و دواتر له‌لایه‌ن ئاسایشی پێنجوێنه‌وه‌ راده‌ستی ئێران كراوه‌ته‌وه‌.

جێی باسە، ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢٠ لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، مستەفا سەلیمی، یەكێك لەو زیندانیانەی هەڵهاتبوو دوای دەستگیركرانەوەی لە سێدارەدرا. 




PM:01:41:26/04/2020