پۆلیسی راپه‌ڕین باندێكی چوار كه‌سیی ده‌ستگیر كرد
پۆلیسی راپه‌ڕین رایگه‌یاند" باندێكی چوار كه‌سیان ده‌ستگیركردووه كه‌له ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری تیۆتا هایلۆكسدا بوون و ده‌ستیش به‌سه‌ر دوو كڵاشینكۆف و ده‌مانچه‌یه‌كدا گیراوه".
له راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕیندا هاتووه" پاش به‌دواداچوون و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری هێزه‌كانیان له بنكه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی پشده‌ر له سه‌ر رێگه‌ی قه‌ڵادزێ ـ ژاراوه چوار كه‌سیان به فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیر كرد كه پێشتر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان هه‌بووه به مادده‌ی ٤٠٦ له یاسایی سزادانی عیراقی".
راشیگه‌یاندووه" تۆمه‌تباره‌كان له ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری تیۆتا هایلیۆكس (مه‌رزیه) دابوون و ده‌ستیش گیراوه به‌سه‌ر دوو كڵاشینكۆف و یه‌ك چه‌كی جۆری GC و ده‌مانچه‌یه‌ك و ١٠ مه‌غزه‌ن فیشه‌ك دوو چه‌قۆ، پاش ده‌ستگیركردنیان به فه‌رمانی دادوه‌ر سه‌رجه‌میان راگیر كران".
پۆلیسی راپه‌ڕین هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی كاری بانده‌وه ئاشكرا نه‌كردووه كه تاوانه‌كانیان له سنووره‌كه چی بووه‌و كێ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كردوون.
AM:09:46:27/04/2020