ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان مەحمود محەمەد رایگەیاند كە نوێنەری مەكتەبی سیاسی یەكێتی عیماد ئەحمەد هاتۆتە لایانو داوای لێكردوون چەند رۆژێكیان دەوێت تا پرسی بەشداریكردن لەحكومەت یەكلای بكەنەوە، سەرچاوەیەكیش رایگەیاند "دواكەوتنی كۆبوونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی پەیوەندی بەرێكنەكەوتنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێیتەوە هەیە لەسەر پۆستەكان".
جارێكی تر كێشەكانی كۆبوونەوەی شەوی رابردوو 13-5 مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی بووە رێگر لەبەردەم كۆبوونەوەی ئەمرۆی پارتیو یەكێتی لەهەولێر، سەرچاوەیەكیش دەڵێت" ئەو كێشانە پەیوەندییان بە نێوخۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە هەیە كە لەسەر پۆستەكان رێكناكەون".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی راگەیاند كە وابڕیار بوو ئەمرۆ دوا كۆبوونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر پرسی حكومەت سازبكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی تەوافق نەكرابوو لەسەر دانانی جێگری سەرۆكی حكومەتو، لایەنی ئەوبەر كە قادر حەمەجانە رازی نەبوو بە دانانی قوباد سەر لەنوێ پرسەكە دواكەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی، كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بەكێشە كۆتایی هاتو دواتر ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەرلەنوێ لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، وێنەیەكی وا پێشانی قادر حەمەجان درابوو تا ڕازی بێت بەدانانی قوباد، پۆستێك بۆ ئەو وەربگێرێت، بەڵام ئەمرۆ لەهەولێر چەند ساتێك پێش كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی كێشەكە سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوەو بووە مایەی دواكەتنی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو هێزە لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم.