سپی زانیاری ورد لەسەر چۆنێتی ململانێ‌‌و دابەشكردنی پۆستەكانی ناو یەكێتی بڵاودەكاتەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت بگەنە تەوافیق لەسەر دانانی هەریەك لەقوباد تاڵەبانی‌و قادر حەمەجان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا كەوتووە دوێنێ‌ 13- 5 مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەندین كۆبوونەوەی بچووك‌و كۆبوونەوەی تەواوی سازكردووە، تێكرای ئەو كۆبوونەوانەش لەسەر پرسی دیاریكردنی كاندیدی یەكێتی بووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت.
سەبارەت بەم پرسە لەكۆبوونەوەكانی دوێنیدا باس لەوە كراوە كە قوباد تاڵەبانی بكرێت دەستنیشان بكرێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، بەرامبەر ئەوەش كۆسرەت رەسوڵ بۆ رازیكردنی كوتلەكەی تر پێشنیاری كردووە حاكم قادر حەمەجان كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ( لەبری خۆی).
بەپێی زانیارییەكانی سپی لەو كۆبوونەوەیەدا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەو پۆستە پشكی هەولێرییەكانی ناو یەكێتییە، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ وتویەتی "ئەوان من لێیان بەرپرسم‌و دەیدەین بە حكم قادر".
مەكتەبی سیاسی یەكێتی تا بەیانی ئەمرۆ 14-5 لەسەر ئەم جۆرە دابەشكردنە رێككەوتبوون، بەڵام دیارە بەیانی سەر لەنوێ‌ كێشەكان لەسەر كێبەركێی نێوان قادر حەمەجان‌و قوباد تاڵەبانی سەرهەڵدەداتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی بەشێكی پەیوەندی بەو ململانێیەی ناوخودی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە هەیە، كە لای هەندێكیان بەتایبەتی مەلا بەختیار جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو پۆستە پشكی هەولێریەكانە، بەشێكیشیان پەیوەندی بەخودی پارتییەوە هەیە، كە هەندێك ناوەندیان قادر حەمەجانیان پێ قبوڵ نییە ئەو پۆستە وەربگرێت.
هاوكات بەشێكی شكستی كۆبوونەوەی ئەمرۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ڕای نافەرمی یەكێتی دەیگەرێننەوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكی هەرێم برگەی تایبەت بە ناونای سەرۆكی حكومەت كە دوێنێ‌ لەلایەن پەرلەمانەوە تێپەرێنرا، یەكێتی وەك پێشاندانی هەڵوێست ئەم هەنگاوەی ناوە، لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكانی سپی پەیوەندی بەكێشەناوخۆیەكانیشەوە هەیە‌و تەنها هەر هەڵوێست نییە.
 




PM:03:16:14/05/2014