بەپەلە..هەر چوار لایەن جگە لەیەكێتی لەسەر هەڵبژاردن روونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە

لە روونكردنەوەیەكەدا كە هەر چوار لایەنی گۆڕان‌و پارتی‌و یەكگرتوو‌و كۆمەڵ بڵاویان كردەوە، یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە ساختەكاریان كردووە‌و چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەردەستدایە.
ئەمە روونكردنەوەكەیە كە كۆپییەكەی بۆ سپی نێردراوە
رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی كوردستان
ئێمە وەك چوار لایەنی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەر زوو هۆشداریمان دا بەوەی كە لایەنێك دەیەوێت تەزویرێكی رێكخراو بە چەند قۆناغێك و  بە چەند شێوازێك ئەنجام بدات و مافێكی سەرەتایی هەمو دەنگدەرێك  كە دەنگدانە پێشێل بكات، لە رۆژی دەنگدانیشدا هەمان ئەو لایەنە تەزویرێكی رێكخراوی ئەنجامدا كە چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدایە و سكاڵامان تۆمار كردوە .
 پاش دەركەوتنی دەرەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن راگەیاندنی حیزب و كەناڵەكانەوە، ئەو لایەنە كەوتە رێخۆشكردن بۆ رەتكردنەوە و ئاوەژوكردنەوەی ئەو ئەنجامانە بەوەی كە تەنها سەرچاوە بۆ راگەیاندنی دەرەنجامەكان كۆمسیۆنە. پاشان دەرەنجامی ئەنجومەنی پارێزگاكانمان لەلایەن ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنەوە وەرگرت ، كە تائێستا ئەنجامەكانی نزیكەی (100) وێستگەمان بەدەست نەگەیشتوە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە چەند جار و لە رێگای چەند كەناڵێكەوە داوای ئەو ئەنجامانەمان لێكردون، بەڵام بێ‌ ئەنجام بوە . هۆكارەكەشی دەگێڕنەوە بۆئەوەی گوایە بەدەستیان نەگەیشتوە، ئەمەش جێگای گومانێكی گەورەیە. چونكە وێنەی دوەمی فۆڕمی ئەنجامەكان دەچێتە مەكتەبی پارێزگای كۆمسیۆن . 
پاش بەراوردی ئەنجامەكان دەركەوت ئەنجامی بریكارەكانمان لەگەڵ ئەنجامی رەسمی كۆمسیۆن تاڕادەیەك هاوتان، بەڵام لەلایەن لایەنێكی سیاسیەوە بەشێوازێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو كاردەكرێت بۆ ئاوەژوكردنەوەی ئەو ئەنجامە راستەقینە فەرمیەی كە لە كۆمسیۆنەوە  وەرمانگرتوە.
ناكرێت دەرەنجامی راستی دەنگی خەڵك ساختەكاری تێدا بكرێت بۆ رازیكردنی تەنها یەك لایەن لە سلێمانیدا و لایەنەكانی تر بێبەش بكرێن لە مافی دەنگدەرەكانیان.
بۆیە ئێمە بەدەر لە دەرەنجامە فەرمییەكانی كۆمسیۆن كە بە فۆڕمی (902) گەیشتۆتە دەستمان بەهیچ دەرەنجامێكی تر رازی نابین و رەتی دەكەینەوە، ئۆباڵی هەر پێشهاتێكیش دەخەینە ئەستۆی بەرپرسی ئۆفیسی كۆمسیۆنی سلێمانی و لایەنی ساختەكار .

ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان  -  دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان  -   مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان  -  ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
16-5-2014




PM:08:02:16/05/2014