بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانی رایدەگەیەنێت" تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستگیركراوە دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ هەبووە".
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتانو خێزان لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی دەست "سپی" کەوتوە رایگەیاند" سەعات 10:00ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 20/5/2020 بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (مقدم/شۆڕش عەلی ڕەشید) لێپرسراوی نوسینگەی ڕۆژئاوای سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتانو خێزان تۆمەتبارێکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناوی (ب.أ.ف) تەمەن (21) ساڵ دەستگیر كرد، پاش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی ( د. م. ا ) هەبووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە" دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان گەیشتۆتە ڕادەی چونە دەرەوەو وێنەگرتنو ناردنی ڤیدیۆ لەدواجاریشدا داوای وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی لەكچەكە كردووە و كچەكەش بۆی ناردووە، تۆمەتبارەکە ئەم هەلەی قۆستۆتەوە و داواكاری تری هەبووە لەسەر كچەكە، لەبەرامبەر ڕازینەبوونی كچەكەدا تۆمەبارەکە وێنەو ڤیدیۆكانی بۆ ڕازیكردن و هەڕەشەلێكردنی كچەكە بەكارهێناوە بەبەردەوامی، كچەكەش لەترسی ئابڕونەچوونی خۆی و پێنەزانینی كەس و كاری هەوڵی خۆلەناوبردنی داوە، بەڵام لەدواجاردا سەردانی نوسینگەی ڕۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا".
دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بكرێت و دەست بەسەر سەرجەم وێنە و ڤیدیۆكاندا بگیرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بكرێتەوە.