مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رۆژی یەكشەممە خۆی یەكلای دەكاتەوە لەسەردەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو دوا وادەش كە بارزانی بۆی داناون سبەی كۆتایی دێت.
رۆژی 15ی ئایار بارزانی لەگەڵ وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوەوە بۆ دوو مەبەست، یەكێكیان هەلومەرجی عێراقی دوای هەڵبژاردنو یەكخستنی كورد لەگفتوگۆكاندا لەگەڵ لایەنە براوەكانی عێراق، مەبەستی دووەمیش پەلەكردن لەپێكهێنانی كابینەی نوێو لەو بوارەدا ئەوەی دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی دەستنیشانكردنی بەپەلەی كەسێكە بۆ جێگری سەرۆك وەزیران، وەك پێشتر سپی میدیا بڵاویكردەوە، بارزانی بەوەفدەكەی یەكێتی راگەیاندبوو كە ئەو یاسای هەمواكراوی پەرلەمان لەسەر ناونای كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رەتناكاتەوە" چونكە ئەوە یەكەم یاسای پەرلەمانی نوێیە دێتە بەردەستی".
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند كە سبەی 18-5 مەكتەبی سیاسی لەسەر پرسی ناونانی كەسێك بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دەبێت خۆی یەكلای بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سپی میدیا ئەو دوو كەسەش قوباد تاڵەبانی ( كوڕە بچووكی تاڵەبانی، یان حاكم قادر حەمەجان)ە، لەسەر شێوازی ناوانی یەكێكیش لەو دووانە، زیاتر لەهەفتەیەكە كادیری پێشكەوتووی یەكێتی دلێری سەید مەجید سەرقاڵی كۆبوونەوەی بچوكو بینینی جیاجیای ئەندامانی مەكتەبی سیاسیە، بۆ ئەوەی بگەنە تەوافقێك، بەڵام تا ئێستا هیچ دیار نییە.
قادر حەمەجان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەو مەسەلەیە نابێت لەرێگای دەنگدانەوە بێت، چونكە ناكرێت كارگێری مەكتەبی سیاسی بچێتە كێبەركێوە لەگەڵ كادیرێكدا، هاوكات تا ئێستا هیچ ئاسۆییەكیش نییە بۆ تەوافق كردن لەسەر یەكێكیان، چونكە ئەگەر زۆرە ئەگەر بخرێتە دەنگدانەوە قوباد دەنگی زیاتر بهێنێت.
هەفتەی رابردوو بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە كۆسرەت رەسوڵ پێشنیاری ئەوەی كرد كە قادر حەمەجان لەلایەن یەكێتیەوە دابنرێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوەی شوێنەكەی خۆی بگرێتەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە لەلایەن هەندێك لەئەندامانی مەكتەبی سیایەوە پەسەند نەبوو بەبیانووی ئەوەی ئەمە پشكی هەولێرییەكانی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، هاوكات ناوبراو لەلایەن پارتیشەوە پەسەند نییەو ئەو پۆستەی پێنادرێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆك سەرپشكە لەدانانی كەسێك بۆ جێگری خۆی.
ئێستا بەیانی یەكشەممە كە مەكتەبی سیاسی كۆدەبێتەوە، دیار نییە پرسەكە بە چ لایەكدا دەكەوێتەوە، ئایا بەتەوافق چارەسەر دەكرێت، یان بەدەنگدان، هێشتا هیچ لەو بارەیەوە نەزانراوە.